عێراق ناوی ئێران لە لیستی وڵاتانی قەدەخەکراو بۆ گەشتکردن دەردێنێ

(0) / / اقتصادی / زایەڵە عێراق کۆرۆنا ئێران


Jan 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق رایگەیاند، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا بڕیاری قەدەخەی گەشتکردن لە عێراقەوە بۆ چەند وڵاتێک درێژکرایەوە، بەڵام ناوی ئێران لەو لیستە دەرهێنرا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕووداو، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، شەوی ڕابردوو بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاری دا، بڕیاری ژمارە 231ـی ساڵی 2020ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تایبەت بە قەدەخەی گەشتکردن لە عێراقەوە بۆ 20 درێژبکاتەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لەو وڵاتانەدا.
 لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی هاوکات بڕیاریدا هاتنی گەشتیاران لەو وڵاتانەوە بۆ عێراق قەدەخە بکات و تەنیا رێگە بە گەشتیاری عێراقی دەدرێت لەو وڵاتانەوە بگەڕێنەوە، بەو مەرجەی دوای گەشتنیان 14 کەرەنتین بکرێن، ئەو وڵاتانەش بریتین لە: بەریتانیا، نەمسا، بەلجیکا، دانیمارک، فینلەندا، فەرەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئێرلەندا، لۆکسمبۆرگ، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، بەرازیل، ئەمریکا، هیند، ئیسترالیا، ژاپۆن، باشووری ئەفریقا و زامبیا.
 هەرچەندە پێشتر ئێران و هۆڵەنداش لە لیستی ئەو وڵاتانەدا بوون کە گەشتکردنیان بۆیان قەدەخەکرابوو، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای سەلامەتی و تەندروستیی عێراق، ناویان لە لیستەکە دەرهێنرا.
 رۆژی 5-1-2021 وەزیری تەندروستیی ئێران یەکەمین کەیسی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاوی لە ئێران راگەیاند. سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند: ئەو کەسە سەردانی بەریتانیای کردووە، بەڵام هیچ کەس لە کەسوکاری تووشی کۆڕۆنای گۆڕاو نەبوون.
 هەروەها تورکیاش لە نێو لیستەکەدا نییە، ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 1-1-2021 تورکیا رایگەیاند، 15 تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاویان تۆمارکردووە.
 بەپێی دواییین راگەیێندراوی لێژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی عێراق، بڕیاری گەشتکردن لەو وڵاتانەوە بۆ عێراق، یان لە عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتانە دیپلۆماتکاران، شارەزایان کە لە پرۆژەکانی خزمەتگوزاری کاردەکەن، لەگەڵ شاندە فەرمییەکانی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش دەبێ ئەو کەسانە لە ماوەی 72 کاژێر پێش گەیشتنیان بۆ عێراق پشکنینی (PCR) بکەن.
 سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، رایگەیاند: "تائێستا تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارنەکراوە".
 بەڵام وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند لە دهۆک لێکۆڵینەوە لە تووشبوویەک دەکات کە گومان دەکرێت تووشی کۆرۆنای گۆڕاو بووبێت.
 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا 605 هەزار 416 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 562 هەزار و 575 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 12 هەزار و 915 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
کۆتایی/.