بارسێلۆنا بە ئومێدەوە دەچێتە ڤالێنسیا

(0) / ورزش


May 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

ململانێ لەسەر نازناوی لالیگا تا دواهەناسە لەنێوان هەرسێ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت، کە ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی سیوتات دێ ڤالێنسیا، لە گەڕی 36ـی لالیگادا دەبێتە میوانی یانەی لێڤانتێ.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەم یارییەی بارسا دوای ئەوە دێت، کە لە گەڕی رابردوودا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ بەبێ گۆڵ یەکسانبوو، کە ئێستا بە 75 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرتووە، ئیدی هیچ بوارێک بۆ هیچ هەڵەیەک نەماوەتەوە و لەدەستدانی هەر خاڵێکی دیکە واتا لەدەستدانی هیواکان بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
لێڤانتێش مانەوەی خۆی لە لالیگادا مسۆگەرکردووە، کە بە 39 خاڵ لە ریزبەندی 14ـمدایە، کە  9 خاڵ لە ناوچەی مەترسی دوورە، بۆیە پێویستی بەوە نییە لەم یارییەدا شەڕی خۆکوژی بکات.
پێدەچێت بارسێلۆنا پێویستی بە پەرجوویەک هەبێت بۆ بردنەوەی ئەو نازناوە، چونکە جیاوازی رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆکان لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید لە بەرژەوەندی تیپەکەی رۆناڵد کۆماندا نییە.
گەڕانەوەی سێرخیۆ بوسکێسی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بۆ نێو پێکهاتەی بارسا، خاڵێکی پۆزەتیڤە بۆ بارسا، بەو پێیەی یاریزانەکە ئێستا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و بوونی ئەو لە ناوەڕاستی یاریگەدا هاوسەنگی بە یاری کەتەلۆنییەکان دەبەخشێت.
ئەگەرچی پێناچێت ئەمشەو ئەرکی کوڕانی کۆمان زەحمەت بێت، بەو پێیەی لێڤانتی لە دوایین 5 یارییدا هیچ سەرکەوتنێکی نییە و چوارجار دۆڕاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مێسی و هاوڕێکانی لەژێر گوشاردا یاری دەکەن، چونکە دەبێت هەموو یارییەکانیان ببەنەوە و چاوەڕێی دۆڕاندنی دوو رکابەرەکانیان بکەن.
روداو