حەیدەر عەبادی چووە دیداری لاهور شێخ جەنگی

(0) / / کردستان / لاهور شێخ جەنگی زایەڵە هاوسەرۆکی یەکێتی حەیدەر عەبادی


Jul 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەم دووپات کردەوە بۆ بە بەردەوامی گفتوگۆکان و پەنابردنە بەر دەستوور و پابەندبونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان
بەپێی  ڕاپۆرتی  زایەڵە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمان کرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر.
لە درێژەدا هاتووە: لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. جەختمانکردەوە لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵی سەرجەم لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی جدی بە ئامانجی گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتمانی لەسەر کۆی مەسەلە هەستیار و چارەنووسسازەکان کە وڵات لە هەموو کێشە و دووبەرەکی و پەرتبوونێک دەپارێزێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ ھاووڵاتیانی عێراق و کوردستان دەهێنێتەدی.
زیاتر هاتووە: هاوڕا بووین لەسەر مامەڵەکردنێکی حەکیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی بووەتەوە، سوپاسی پشتیوانی و هەڵوێستە واقیعییەکانی بەڕێز عەبادی دەکەین بۆ ئەو پێشهاتە نوێیانە، دڵنیامان کردەوە کە پاراستنی یەکێتیی لای ئێمە لە ڕیزی پێشەوەیە.
ئاماژەمان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەم دووپات کردەوە بۆ بە بەردەوامی گفتوگۆکان و پەنابردنە بەر دەستوور و پابەندبونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان و لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران.باسمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە گرنگ زانی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە وڵاتدا.
کامەران کەریم