دیداری سینەمای نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ فێلمی كۆڤید
/
فرهنگی
/
زایەڵە
كەركووك
سینەما
كۆڤید
دووەمین دیداری سینەمای نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ فێلمی كۆڤید لە سەنتەری رۆشنبیری كەركووك بەرێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ١٠فیلم لە پێنج وڵات بەشداری دیدارەکەیان کرد کە ئەوانیش تورکیا، تونس، مەغریب، جەزائر و دوو فیلم لە ھەرێمی کوردستان و چوار فیلمیش لە شارەکانی عێراق بەشداربوون و سەرجەم دەقەکان گوزارشت بوون لە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دیدارەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و ھەر رۆژە و پێنج فیلم نمایش دەکرێت و لە رۆژی دووەمیشدا، پێنج پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆڤید سمینارێکی پزیشکی ساز دەکەن.
لەمبارەیەوە سەرۆکی دیداری سینەمای نێودەوڵەتیی کەرکووک بۆ فێلمی کۆڤید، سەردار زەنگەنە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیدارەکە تایبەتە بە فیلمی کۆڤید کە لەم دۆخەدا باسی رۆژ و گرنگترین تەوەری خەڵکە کە ژیانی ھەموومانی داگیرکردووە، بۆیە دیدارەکە تایبەت کرا بەکۆرۆنا و دیدارەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە رۆژی یەکەمدا، پێنج فیلم نمایش دەکرێن و لە رۆژی دووەمیشدا، پێنج فیلمی کۆتایی نمایش دەکرێن کە سەرجەم ناوەڕۆکی فیلمەکان لەسەر کۆرۆنایە و رۆژی دووەمیش پێنج پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی کۆڤید سمیناری تایبەت بەڕێنمایی تەندروستی بۆ ھاووڵاتییان ساز دەکەن.
سەردار زەنگەنە گوتیشی: "١٨ فیلم پێشکەشی دیدارەکە کرابوون، بەڵام لیژنەی تایبەتمەند تەنھا ١٠ فیلمی قبوڵ کرد کە دوو فیلیمیان لە ھەرێمی کوردستان و چوار فیلمیش بەرھەمی شارەکانی عێراق بوون و چوار فیلمی نێودەوڵەتیش بەرھەمی تورکیا، تونس، جەزائر و مەغریب بوون.
یەکێک لە بەشداربوانی دیدارەکە دەرھێنەر عەلی جاسم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرجەم فیلمەکان لەسەر بابەتی کۆرۆنا بوون، بەڵام ھەر فیلمێک بەشێوازی جیاواز گوزارشتیان لەو تراجیدیا کردووە و خۆشم بە فیلمی ژیان بەردەوامە بەشداری دیدارەکەم کرد کە فیلمێکی دیکۆمێنتاریە، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە شێوازی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و وێنای ڤایرۆسەکەمان کردووە کە چۆنە و چۆن دەگوزارێتەوە و لە بەشەکەی تری فیلمەکە باسمان لەوەکردووە ئەگەر رێنماییە تەندروستییەکانمان جێبەجێ بکردابایە، ئەوا چی رووی دەدا و ژیانی ئێمە دەگەڕایەوە وەکو جاران و باشتریش دەبوو.
سینەماکاری دیاری کوردستان، حەمە عەلی خان میوانێکی دیداری سینەمای نێودەوڵەتیی کەرکووک بوو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوبەردنی دیدارەکە دەکەم و کارێکی گەورە و مەزن دەکەن و تەحەدای ئەم دۆخە تەندروستی و ئەمنییە خراپە دەکەن و ھاتوون خزمەتی سینەما دەکەن".
حەمە عەلی خان گوتیشی: "چاوەڕوانی تەواوبوونی فێستیڤاڵەکەین بۆ ئەوەی ئاستی دیدارەکە و فیلمە بەشداربووەکان بزانین و تا ئێستا کارەکانی بەباشی بەرێوەدەچێت".
لەسەر ئاستی فیلم و سینەما لە ھەرێمی کوردستان، حەمە عەلی خان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ناوبەناو فێستیڤاڵ و فیلمی سینەمایی نمایش دەکرێت، بەڵام ئەمانە بەقەد توموحی ئێمەی سینەماکار نییە و دەبێت پاڵپشتی باشی سینەماکاران و دەرھێنەرەکان بکرێت بۆ ئەوەی کاری باشتر پێشکەشی بینەران بکەن.
تێبينيێك بنێرە: