هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بۆ زایەڵە باسی کرد: کاریگەری پاشەڕۆپزیشکیەکان لەسەر پیسبوونی ژینگە و چۆنیەتی کۆکردنەوەیان

(0) / گفتگو


Jul 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان چەند ڕوون کردنەوە بڵاودەکاتەوە لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی پاشەڕۆ پزیشکیەکان و کاریگەریان لەسەر پیس بونی ژینگە .
سەروەر قەرەداغی هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە  ڕایگەیاند، پاشەڕۆ پزیشکییەکان چۆن کۆدەکرێنەوە. چییان لێ دەکرێت و چۆن لەناو دەبرێن کاریگەرى لەسەر ژینگەى ئاو و هەوا و خاک و زیندەوەران چییە،  چارەسەرییەکان چین.
بەشى یەکەم، پاشەڕۆ پزیشكییەكان، هەر پاشماوەیەكی دەرچوو لە دامەزراوەیەكی چارەسەركردنی پزیشكی وەك نەخۆشخانە و تاقیگە و نۆرینگە پزیشكییەكان و ئەوانەى هاوشێوەیان پێیان دەوترێت پاشەڕۆى پزیشکى.پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەراورد بە پاشماوەی ئاسایى دەکرێت لە بڕدا كەم بێت، بەڵام لە جۆردا زۆر ترسناكە و پێکدێت لە: دەرمان، گیراوە، قوتوی دەرمان، پلاستەر، لۆكە، شووشە، سرنج، چەقۆ، ماددەی تاقیگەكان، ماددەی وێنەگرتن(ئەشیعە)، تیشكی ئێكس، پارچەی بڕاوى لەش، پێست، خوێن، قژ، ئێسقان، ماددەكانی دوای نەشتەرگەری وەك كیسەی پلاستیكی. جۆرەكانی ئەم پاشماوانە هەتا زۆرتربن، جیاكردنەوە و كۆكردنەوە و كۆگاكردن و گواستنەوە یان قورستر دەبێ.
وتیشی، بەشى دووەم کۆکردنەوەى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لە ناو شارى سلێمانى ،لە زۆربەى دامەزراوە حکومى و تایبەتەکانى چارەسەركردنی پزیشكی کیسە و سەلەى ڕەنگ زەردى تایبەت بەکۆکردنەوەى پاشەڕۆپزیشکییەکان دانراوە و تێکەڵ بەپاشەڕۆى ئاسایى ناکرێت. مانگانە تەنها لە ناوەندى پارێزگاى سلێمانى ٥٠ بۆ ٦٠ تۆن لە پاشەڕۆى پزیشکى کۆدەکرێتەوە، لە کۆى ئەم بڕە ١٥پانزە تۆنى بەتەنها هى نەخۆشخانە تایبەتەکانن. بۆ کۆکردنەوەى هەر کیلۆیەک لەو پاشەڕۆ پزیشکییانە حکومەت بڕى ٢٠٠٠دوو هەزار دینارى عێراقى لە نەخۆشخانە تایبەتەکان وەردەگیرێت.ئەگەر حکومەت مانگانە تەنها ١٥ تۆن لە پاشەڕۆى پزیشکى نەخۆشخانە تایبەتەکان کۆبکاتەوەو بۆهەر کیلۆیەک ٢٠٠٠دوو هەزار دینار وەربگیرێت،  ئەوا ١٥،٠٠٠ پانزە هەزار کیلۆدەکات و بۆ حکومەت داهاتەکەى دەکاتە ٣٠ملیۆن دینارى عێراقى ،بەشى سێیەم سوتاندنى پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەناوى پرۆژەى چارەسەرکردنى پاشەڕۆ پزیشکییەکانەوە:
دواى ئەوەى لەلایەن تیمەکانى تەندروستى پاشەڕۆ پزیشکییەکانى دامەزراوە حکومى و تایبەتەکانىچارەسەركردنی پزیشكی کۆدەکرێنەوە، بەئۆتۆمبێلى تەندروستى دەبرێن بۆ  پرۆژەى چارەسەرکردنى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لە تانجەرۆ:
 لە ڕێگەى ٦شەش سوتێنەر(مەحرەقە) پاشەڕۆکان دەسوتێنرێت.
 بەهۆى نەبونى کارەباى بەردەوام و کارنەکردنى ٢٤کاتژمێرى سوتێنەرەکان تواناى سوتاندنى تەواوى پاشەڕۆ پزیشکییەکانیان نییە. پاشەڕۆیەکى زۆرى پزیشکى لەناو حەوشەى پرۆژەکە کۆکراوەتەوە، کە بەبەردەوامى تیشکى خۆر لێى دەدات و لە ڕێگەى بەهەڵمبون و هەوا و ئاوى بارانەوە تێکەڵ بە ژینگە دەبێت و سەرچاوەیەکە بۆ بڵاوبونەوەى چەندین جۆر نەخۆشى.بەشى چوارەم فڕێدانى پاشەڕۆ پزیشکییەکان،پاشەڕۆ پزیشکییەکان زۆرن و سوتێنەرەکان تواناى لە ناوبردنى پاشەڕۆکانیان نییە، بەوهۆیەوە هەفتانە زیاتر لە سەدان تۆن لە پاشەڕۆى پزیشکى دامەزراوە حکومى و تایبەتەکانى چارەسەركردنی پزیشكی دەگوازرێتەوە و لەسەر خاک و بەدیاریکراوى لەناو خاکى تانجەرۆ فڕێدەدرێت! پاش تێپەڕبونى ماوەیەکى درێژ کە هەندێکجار درێژ دەبێتەوە بۆ زیاتر لە مانگێک لەلایەن ئامێر و تیمەکانى شارەوانییەوە، خۆڵى بەسەردا دەکرێت یان بۆ هەتا هەتایە بەسەر دانەپۆشراوى دەمێنێتەوە! مرۆڤ و ئاژەڵ دەبن بە بەرکەوتەى ئەو پاشەڕۆیانە.بەشى پێنجەم ،کاریگەرى سوتاندن و فڕێدانى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لەسەر ژینگەى ئاو و هەوا و خاک و زیندەوەران ،
سووتاندنى پاشەڕۆ پزیشکییەکان دەبێتەهۆی بەرهەمهێنانی دایۆكسین كە نزیكەی (75) ماددەی كیمیاوی لە خۆدەگرێت، دایۆكسین لە ئەنجامی سووتاندنی ئەو ماددە پلاستیكیانەوە پەیدا دەبێت كەلە بنەڕەتدا ماددەی(كلۆر)یان تێدایە، هەر لە ئەنجامى سوتاندنى ئەو پاشەڕۆیانە ماددەی (جیوە)ش پەیدا دەبێت.
ڕونیشیکردەوە، فڕێدانى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لە ژینگەدا تاوانێکى گەورەیە، کەبە هۆیەوە کاریگەرى خراپ لەسەر پیسبونى ڕەگەزە ژینگەییەکانى ئاو و هەوا و خاک دروست دەکات ، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆى پیسبونى خاک.
 دەبێتە هۆى پیسبونى ئاوى ژێر زەوى.لە ڕێگەى باراناوەوە، دەڕژێتە ناو لقى تانجەرۆ و دواتر بۆ ناو بەنداوى دەربەندیخان کە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى زیاتر لە هەزاران مرۆڤە! هەر بەهۆى پیسبونەوە ژیانى زیندەوەرانى ناو ئاوەکەش دەکەوێتە مەترسییەوە.
 بەهۆى تیشکى خۆرەوە بە هەڵم بون دروست دەبێت و هەوا پیس دەکا.ئەگەر ئاگربگرێت، بەهەمان شێوە ڕەگەزى هەوا پیس دەکات.
کاریگەرى لەسەر ژیانى ئەو زیندەوەر و ئاژەڵانە دروست دەکات کە ژیانیان لەو شوێنەیە ک کەپاشەڕۆپزیشکییەکانى لێ فڕێدەدرێت.بەشى شەشەم ، کاریگەرى سوتاندن و فڕێدانى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لەسەر تەندروستى مرۆڤ ،كاریگەری خراپ لەسەر مێشك و گورچیلە و جگەر دروست دەکات.    كاریگەری نەرێنى لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و گەشەكردنى مرۆڤ دروست دەکات. دەبێتە هۆکارى توشبون بە نەخۆشى شێرپەنجە. بڵاوبونەوەى چەندین جۆر لە نەخۆشى تاڕادەى کوشتن، بەهۆى تێکەڵبونى زیندەوەران و ئاژەڵان بە پاشەڕۆ پزیشکییەکان.بەشى حەوتەم، چارەسەرییەکان، پێویستە بۆ هەر جۆرێك لەو پاشەڕۆ پزیشکیانە چارەسەری گونجاو و دروست هەبێت، نەك پەنا ببرێتە بەر سوتاندن و فڕێدان. چارەسەری گونجاو و نوێ سووتاندن نییە لەڕێگەى سوتێنەرەکانەوە، فڕێدان نییە، لە ناو ژینگەدا.  بەڵكوم بریتییە لە خاوێنكردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) كە بەگەرمی و پاڵەپەستۆی هەڵم ئەو پاشماوانە چارەسەر دەكرێن و ماددەی دایۆكسینی لێ دروست نابێ. لەم ڕێگەیەوە ئەم پاشماوانە مەترسییان نامێنێت لەسەر ژینگە و زیندەوەران و تەندروستی مرۆڤەكان و دەتوانرێت وەك هەر پاشماوەیەكی ئاسایی لێی ڕزگار بین.بەشى هەشتەم ، خاوێنكردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE)، جگە لە پرۆژەى چارەسەرکردنى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لەڕێگەى سوتانەوە لە تانجەرۆ. لە ناو شارى سلێمانى دوو خاوێنكردنەوەی هەڵمی هەیە، کەلەلایەن وەزارەتى تەندورستى عێراقەوە دابینکراوە بۆ چارەسەرکردنى پاشەڕۆ پزیشکییەکان، کەپاشەڕۆکان وورد دەکات و پاکى دەکاتەوە(تعقیم) دواتر دەکرێت لە پرۆسەى بەکارهێنانەوەدا سودى لێوەربگیرێت. بەڵام ئەم ئامێرانە بۆ ماوەى زیاتر لە ٢دوو ساڵە لە کارکەوتون، بەڵام حکومەت ئامادەیە چاکى بکاتەوە! لە کاتێکدا خەرجى چاککردنەوەى ئەو خاوێنکردنەوە هەڵمیانە تەنها پێویستى بەبڕى ١٥ ملیۆن دینارى عێراقییە، کە دەکاتە نیوەى ئەو داهاتەى کە تەندروستى لە ڕێگەى کۆکردنەوەى پاشەڕۆ پزیشکییەکانى نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە دەستى دەکەوێت.ئامێرەکانى خاوێنکردنەوەى هەڵمی لە شارى سلێمانى دەکەونە ناو هەردوو نەخۆشخانەى فێرکارى و شەهید ئاسۆ. هەردوو ئامێرەکە لەکارکەوتون.
هێمای بەوەشکرد ،پەیامى گشتى وەزارەتى و بەڕێوەبەرایەتى گشتى پاراستنى تەندروستى یان وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى خراپترکردنى دۆخى تەندروستى ئەوەى لێرە ڕویداوە و ڕودەدات لە هەرشوێکى ترى دونیا بوایە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی لەسەر داگایی دەکرا، بەڵام لێرە نە دادگا هەیە، نە یاسا. نە پاراستنى تەندروستى هەیە، نە پاراستنى ژینگە.
ئەوەى هەیە کوشتنى مرۆڤ و ژینگەیە بەئەنقەست و بەبەرچاوى هەمووانە. هەمووانیش بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن، لە ئاستى تاوان و کارەساتێک کە نەک ژیان و ژینگەى  مرۆڤى ئێستا. ژیان و ژینگەى نەوەکانىداهاتوشمان لە ناو دەبات. ئەگەر خۆمان ئەو مافەمان داوە بەخۆمان، کە قبوڵى بکەین بێ هەڵوێست بین و لە ژینگەیەکى پڕ لەمەترسى و کارەساتباردا بژین، ئەى کێ ئەو مافەى پێداوین کە ژینگەى پڕ لەکارەساتبار بۆ نەوەکانى داهاتومان دروست بکەین ، ئایا داپیرە و باپیرەمان بەمشێوە مەرگ ئامێزەى ئێستا ژینگەیان بۆ بەجێهێشتین؟ ئەوان بوون تانجەرۆیان کرد بەم تانجەرۆیەى کەنەتوانین بەبێ ماسک هەناسەى تیا هەڵبمژین یان خۆمان بوین
بۆچى ئێمە بەدەستى خۆمان ژینگەیى خۆمان، ژیانى خۆمان لە ناو دەبەین ،خەڵک و وەزارەتى تەندروستى تەنها کۆرۆنایان وەک ڤایرۆس ناسیووە، بەڵام تەنها کۆرۆنا ڤایرۆس نییە، فڕێدانى ئەم پاشەڕۆ پزیشکییانە لە ژینگەدا ڤایرۆسێکە لە کۆرۆنا مەترسیدارترە. بەڵام یەشتا وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى درکییان پێنەکردووە و بێ هەواڵن لە ئاستیدا..  ئێمە ئەمڕۆ بۆیە لێرەین بۆ ئەوەى خەڵکە نوستوەکەى ئەم نیشتیمانە پڕ دەسەڵاتدارى ژینگە کوژە، لە ئاستى بێ باکى و تاوانەکانى جکومەت خەبەر بکەینەوە.  
با وەزارەتى تەندروستى وەڵاممان بداتەوە بزانین بۆچى ڕۆژانە لە کوردستان ١٩کەس توشى شێرپەنجە دەبێ با پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى وەڵاممان بداتەوە بزانین بۆچى لە سلێمانى لە ڕۆژێکدا ٨کەس توشى شێرپەنجە .
سازدانی - کامەران کەریم