ئەمەریکا بۆ دابین کردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدا 20 ملیۆن دۆلار ئەداتە عێراق

(0) / جهان


Jan 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاشکرای کرد، بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق تەرخان کردووە، بە مەبەستی پاراستنی ناوەی سەوزی بەغدا، کە بە (ناوچەی نێودەوڵەتی) ناسراوە.

 

بەپێی هەواڵی زایەڵە، لە بەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، کۆمەکە کۆمەککردنی تیمە ئەندازیاری و مەدەنییەکان دەگرێتەوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواچوون، سەبارەت بەو خاڵانەی کە بە دەروازەی ئێستای ناوچەی سەوزی بەغداد دادەنرێت، لەگەڵ دانانی پلان بۆ دەروازەی نوێ لە ناوچەکەدا.

 

بە گوێرەی بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا (جۆن تایکەرت) گەورە لێپرسراوی کاروباری بەرگری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بە ڕووماڵی ناوچەی سەوز پێشکەش بە (حامید زوهێر مەهدی) فەرماندەی فیرقەی تایبەت کردووە، کە بەرپرسە لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە،ئ و ڕادەستکردنی پلان و راپۆرتە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ جەختکردنەوە لە پرۆژەی هاوکاری نێوان هەردوولا، بە مەبەستی بەهێزکردنی لایەنی ئەمنی لە ناوچەی سەوز و بارەگای سەرەکی حکومەتی عێراق، کە دەکەوێتە ناوچەکەوە.

 

پێشکەشکردنی ئەو کۆمەکە بە حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، دوای بێدەنگبوونێکی کاتی ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی تر بە کاتیۆشا هێرشکرایەوە سەر ناوچەی سەوزی  بەغدا، ئەوەش نیگەرانی بۆ ئەمریکا و حکومەتی عێراقیش دروستکردووە.