جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: لایەنی ئێرانی بەهەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ كردنەوەی مەرزی سازان

(0) / / اقتصادی / زایەلە كاوە عەلی مەرزی سازان هەڵەبجە


Aug 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

دوای ئەوەی بە فەرمی ڕەزامەندبوونی حكومەتی عێراقی ڕاگەیاندرا بە كردنەوەی مەرزی سازان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، جێگری پارێزگار وردەكاری پرۆژەكە دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات سێ‌ یاداشتی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەیە بۆ كردنەوەی مەرزی سازان.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەلە، كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNN ی ڕاگەیاند: “ئەو بڕیارەی حكومەتی عێراق لەبارەی بە فەرمی كردنەوەی مەرزی سازان دەرچووە زۆر كارئاسانی بۆ ئەو هەوڵانەی ئێمە كردووە كە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجاممان دابوو بۆ كردنەوەی مەرزی سازان، چونكە لە ئێستادا سێ‌ یاداشتی لێكتێگەیشتنمان هەیە بۆ كردنەوەی مەرزەكە و لایەنی ئێرانی بەهەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ كردنەوەی مەرزی سازان و داوایان لە ئێمە كرد بوو كە ڕەزامەندی حكومەتی عێراق و هەرێم وەربگرین بۆ كردنەوەی ئەو مەرزە.”

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە ئێستادا، كە حكومەتی عێراقی ڕەزامەندی دەربڕیوە بە كردنەوەی مەرزی سازان، ئێمە لای خۆمانەوە جارێكی دیكە لەگەڵ لایەنی ئیرانی بە تایبەت پارێزگاری كرماشان كۆدەبینەوە و ئەوەیان پێڕادەگەیەنین كە حكومەتی عێراق ڕەزامەندە بە كردنەوەی مەرزی سازان و ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕەزامەندی حكومەتی ئێرانی بەدەست بهێنن كە ئەوە بۆ ئەوان زۆر ئاسانە و پێیان باشە مەرزكە بكرێتەوە.”

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی ڕوونكردەوە، “لەبارەی ئەنجامدانی ڕێگاسازی بۆ ئەو مەرزە لای خۆمانەوە پرۆپۆزەڵی پێویستمان ئاراستەی وەزارەتەكانی پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە كردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەڕێگەی پردی سازان و بە ئەنجامگەیاندنی ڕێگای مەرزی سازان بۆ هەڵەبجە بتوانین بە خێرایی دەستبكەین بە كردنەوەی مەرزەكە”.