ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ زایەڵە: داوا لە هاوڵاتیان دەکەم سزای پێوەری ئاو نەدەن

(0) / / گفتگو / عومه‌ر گوڵپی زایەڵە پێوەری‌ ئاو سزا


Sep 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

په‌رله‌مانتارێكی كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ی ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كات سزای‌ نەبەستنی پێوەری‌ ئاویان بۆ هاتوەتەوە، ڕایده‌گه‌یه‌نێت داوا لە هاوڵاتیان دەکەم سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بە یاسا.
عومه‌ر گوڵپی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو پاڵپشتە بەڕێنمایی‌ ژمارە (1)ی‌ ساڵی‌ (2018) ئەویش پشتی‌ بەماددەیەکی‌ یاسایی‌ بەستوە کە بریتیە لەبڕگەی‌ (سێیەم)ی‌ مادەی‌ (حەوتەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (12)ی‌ ساڵی‌ (2010)ی‌ تایبەت بەهەیکەلی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ کە یاسایەکی‌ گشتیەو بەهیچ جۆرێک ناچێتە بواری‌ بابەتی‌ سەرپێچییەکان، لەبەرامبەردا پەرلەمان بەژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ (2021) یاسای‌ پاراستنی‌ پڕۆژەو تۆڕەکانی‌ ئاوو ئاوەڕۆی لەهەرێم دەکردوە کە یاسایەکی‌ تایبەتمەندە بەسەرپێچییەکان‌و هەموو کەلێنەکانی‌ ئەو بوارەی‌ پڕکردوتەوە .
ناوبراو ئەوەشی وت، لەکاتی‌ گفتوگۆی‌ یاساکەدا سەرجەم ئەندامانی‌ پەرلەمان هاوڕابون لەسەر لابردنی‌ مادەی‌ پەیوەست بەپێوەری‌ ئاوو سزاكانی، ئەوەش بەهۆی‌ خراپی‌ پرۆسەکەو کەم‌و کورتییەکانی‌‌و نەگونجانی‌ لەگەڵ دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ هاوڵاتیان لەژمارەیەک شارو شارۆچکە .
ڕونیشیکردەوە داوا لەهاوڵاتیان  ده‌كەم سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بەیاسا، بێجگە لەو تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیانەی لەپرۆسەکەدا هەیە، تائەوکاتەی‌ حکومەت یاسای‌ ژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ (2021) جێبەجێدەکات کە یاسایەکە تازە دەرچوەو پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی‌ نوێی‌ بۆ دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی، هەروەها لەکاتی دەرکردنی ڕێنماییشدا پێویستە ڕەچاوی‌ تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیەکانی‌ پێوەرەکەو سکاڵای هاوڵاتیان بکرێت، هەروەها ڕەچاوی دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ ژمارەیەک شارو شارۆچکە بکرێت .
ئەو پەرلەمانتارە داواش دەكات ، سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و وەزارەتی‌ شارەوانی‌‌و گەشت‌و گوزار، کارکردن بەڕێنماییەکە ڕاگرن‌و سزای‌ هیچ هاووڵاتییەک نەدەن بەو هۆیەوە، هەروەها فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێرن بەوەڵامدانەوەی کێشەو گرفتەکانی پرۆسەی پێوەری ئاوو کێشەکانی‌و خواستی هاوڵاتیانەوە .
سازدانی -کامەران کەریم