پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە: واقیعەکە بەجۆرێکە، بوون و نەبوونی حکومەت بۆ کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت وەک یەکە
/
گفتگو
/
عومەر گوڵپی
زایەڵە
کرێکار
مووچە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ مافی کرێکارو کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکات و بەووردی بۆ زایەڵە دەخاتەڕوو .
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، پاش شەش مانگ بەدواداچوون، دواندنو چاوپێکەوتنی دەیان کرێکارو کارمەندی کەتی تایبەتو سەردانی شوێنی کار، بەدەست گەیشتنی دەیان سکاڵا، گەیشمە ئەو بڕوایەی کرێکار و کارمەندی کەرتی تایبەت بە تەنها لەبەردەم هاوکێشەی دڵڕەقانەی بازاڕدا بەجێهێڵراوەو هیچ دامەزراوەیەکی حکومی ئەرکی پاراستنی مافی کرێکارانو کارمەندانی کەرتی تایبەت لە خۆ ناگرێتو واقیعەکە بەجۆرێکە کە بوونو نەبوونی حکومەت بۆ کرێکاران وەک یەکە، هەر ئەم دۆخە خراپەشە کە هەموو گەنجو هاووڵاتیەک چاوی لە دامەزراندنە لە کەرتی گشتی.
وتیشی، نەبوونی گرێبەستی کار، دابین نەکردنی پێویستی و وەسیلەو هۆکارەکانی کارو سەلامەتی، دواخستنی مووچە، دەستەبەرنەکردن، کاری زیادە بەبێ پاداشت، ڕووداوی برینداربوونو کەمئەندامبوونو مردن بەبێ لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیارێتی، لێ وەرگرتنەوەی کار بەبێ هۆ یان بەهۆکاری خزمایەتیو حزبایەتی، پێ نەدانی موچە، نەبوونی شوێنو کاتی پێویست بۆ پشوو، ئەمانەو دەیان پێشێلکاری تر لە شوێنەکانی کار بە گەورەو بچوکەوە دەبینرێن، بەداخەوە حکومەتو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی لە شوێنی نەبوون لە پرسی کرێکارو فەرمانبەری کەرتی تایبەتو مافەکانیدا، لە زۆر حاڵەتیشدا بەهۆی کۆمپانیاو قۆرخکاریی بازاڕ، هەردوو حزبی دەسەڵات خۆیان ڕاستەوخۆ لە پیشێکارانی مافەکانن.
ڕونیشیکردەوە، حکومەت بە ئاستێک کەمتەرخەمە لە بەرانبەر کرێکارو کارمەندانی کەرتی تایبەتو مافەکانیدا، لەزۆربەی شارەکانی کوردستان هیچ فەرمانگەیەکی حکومەت نیە چاودێری مافی کرێکارو کارمەندان بکات، بەدواداچوون بکات، تەنانەت لە شارە گەورەکانی وەک سلێمانیو هەولێرو دهۆکیش، بەهۆی نەبوونی ژمارەی پێویستی فەرمانبەرو لاوازی توانای فەرمانگەکانەوە، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ناتوانن بەباشی ئەرکە سادەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، چ جای بەدواداچوون بکەنو چاودێری مافەمان بکەن، چی جای ئەوەی لە دۆخی بێکاریو نەبوونی هەلی کارو دامەزراندنو لێشاوی گەنجانی بێکاردا، گەنجو هاووڵاتی بپارێزن لە چاوچنۆکی هێندێک بازرگانو سەرمایەدار.
ئەوەشی خستەڕوو، هاوکێشەی نێوان خاوەنکارو کرێکار، بەجۆرێک تێکچووە، لە هێندێک شوێن گەیشتووەتە ئاستی ئیستیغلالکردنو بازرگانی بەمرۆڤ، گەیشتووەتە ئاستی تەماشاکردنی کرێکارو کارمەند وەک بەندەو کۆیلە نەوەک وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت کە بەگرێبەستێک ئەرکو مافەکانی لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشان کرابن، هەموو ئەم دۆخە خراپانەش بۆ ڕەگەزی مێینە خراپترینن.
باسی لەوەشکرد، ئیستیغلالکردنی بێکاری هاووڵاتیانو لاسەنگی هاوکێشەی هەلی کارو دەستی کار بەجۆرێک شێواوە کە کرێی کاکردن لە هێندێک شوێن دابەزیوە بۆ تەنها (١٥٠ هەزار) دینار لە مانگێکدا بەرانبەر بە هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا! لە هێندێک شوێن خاوەن کار بە سێ مانگو چوار مانگ کرێی کارمەندانی نادات، دەستەبەریان بۆ ناکات، پێداویستی کاریان بۆ دابین ناکات، تەنانەت لەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ خودی حکومەت هەیە، پێشێلی زەقی مافی کرێکاران دەکرێتو لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێ بەش دەکرێن .
هێمای بەوەشکرد، بێکاریو نەبوونی هەلی کارو هەژارییو کەمی کرێی کار وایکردووە کرێکار ناچاربێت دوو شەفت کار بکات، بە کرێی کەم، تەنانەت چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرێکارێکدا کرد کە لە شەوو ڕۆژێکدا حەڤدە سەعات کار دەکاتو لە دوو هەفتەشدا تەنها یەک ڕۆژ پشوو وەردەگرێت! ئەمە کرێکاری نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت بوو لە ناو شاری هەولێر کە قازانجی مانگانەی چەندین ملیار دینارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاری بێگانە کە بەپارەی زۆر کەم کاردەکەن، بووەتە هۆی بێ منەتی خاوەن کار، حکومەتیش خاوەنی هیچ بەرنامەو پلانێک نیە بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە خراپە.لەماوەی ڕابردوودا چەندین بەدواداچوونی فەرمیم بۆ ئەم بابەتانە کردووە، دواهەمینیان بریتیە لە هەوڵدان بۆ گفتوگۆی هەموو ئەم بابەتانەو بەرپرسیارکردنی حکومەتو پرسینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەماندا، کە بە واژۆی ٢٥ ئەندام پەرلەمان پێشکەش کراوە، داوامانکردووە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان تەرخان بکرێت بۆ گفتوگۆی کێشەکانی فەرمانبەرو کرێکاری کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی بە ئامادەبوونی حکومەت هەموو ئەم بابەتانە گفتوگۆبکرێنو بەرنامەو پلانی پێویست دابنرێت بۆ پاراستنی کرێکارو کارمەندانی کەرتی تایبەتو بەجێنەهێشتنیان بەتەنها لەبەردەم هاوکێشەی دڵڕەقانەی کەرتی تایبەتو هەلی کارو بێکاریدا، هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە خاوەنی یاسایەکی سەربەخۆی گونجاو لەگەڵ پێویستیەکانی ئێستەی مافەکانی کرێکارانو دۆخی بازاڕو کەرتی تایبەت.
سازدانی کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: