چالاک رەئوف بۆ زایەڵە؛ پێشانگای پیشەسازی دەستی ژنان، یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشە لەگەڵ ئێران و دەمانەوێت پەرەی پێ بدەین

(0) / / گفتگو / سلێمانی زایەڵە ئێران کۆماری ئیسلامی حەمەی حەمە سەعید چالاک رەئوف


Oct 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە پەراوێزی پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنانی ئێران و سلێمانی، ڕایگەیاند: "ئەمە یەکەمین کارمانە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کونسوڵخانەی ئەم وڵاتە لە سلێمانی ئەنجامی دەدین و بە خۆشحاڵییەوە زۆر پێشوازی و هاوکارییان کرد. ئەمانەوێت ئەم پڕۆژەیە بەرینە ئێران و ئەم هاوکاریی و سەردانە بەردەوام بێت."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نیوەڕۆی شەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، بە ئامادەبوونی مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، داود حەسەن پوور ڕاوێژکاری کەلتووری ئێران و ژمارەیێکی زۆر بەرپرسان و هونەرمەندان و هونەردۆستانی هونەری دەستی، پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنانی ئێران و سلێمانی لە شەقامی سالم، کارگەی پێشووی جگەرەکە کرایەوە.
چالاک رەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری زایەڵە، سەبارەت بە ئامانجی بەڕێوەچوونی پێشانگاکە، وتی: ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە، ناساندنی کەلتوورە جیاوازەکانە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران، وەک ئاگادارن لە هەر یەک لە پارێزگاکانی ئێرانەوە خاتوونێک بە نوێنەرایەتی پارێزگاکەی هاتووە بۆ نمایش کردنی کارە دەستییەکانی. ئامانجی سەرەکی ئێمە لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە ئەوەیە کە بتوانین ئەو مێژووە کەلتوورییەی کە کاری دەستی لە سەرەتای شارستانییەتەوە هەیە و خەریکە لەناودەچێت، زیندووی بکەینەوە. ئامانجی دووهەمان ئەوەیە ئەم خاتوونانە کە خەریکی کاری دەستڕەنگینین لە پێناو دابین کردنی بژیوی ژیانیان ئەم کارانە دەکەن و هیچ دەرفەتێکیان بۆ ئەمە نییە و ئەیانەوەێت لە ڕێگای بەبازاڕکردنی کارە دەستییەکانیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن و ئێمەش ئەمانەوێت پشتیوانی ئەمانە بکەین. لەم ڕووەوە هەوڵ ئەدەین زانیاری زیاتریان پێ بدەین و کارەکانیان فراوان بکەین.
زیاتر وتی: ئامانجی دیکەی ئێمە لە کردنەوەی پێشانگاکە، ئاشنا کرنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکانە بەم بابەت و هونەرە، تا ئەوانیش بێنە سەر خەت و پشتیوانمان بن تا بتوانین دەرفەتی هەلی کار و بە بازاڕکردنی کارەکانیان بۆ بڕەخسێنین.
ڕاشیگەیاند: زۆرێک لەو ژنانەی ئەم کارە دەستیانە دەکەن زۆربەیان تەنیان و خۆیان سەرپەرەستی بنەماڵەن یان ئەوەی مێردەکانیان پەکەوتەن و توانای کار کردنیان نییە. یان ئەوانەن کە خۆیان و مێردەکانیان پێکەوە ئەم کارە دەکەن.
ناوبراو سەبارەت بە هاوکاریەکان و پڕۆژەی هاوبەشی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا، وتی: ئەمە یەکەمین کارمانە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کونسوڵخانەی ئەم وڵاتە لە سلێمانی ئەنجامی دەدین و بە خۆشحاڵییەوە زۆر پێشوازی و هاوکارییان کرد. ئەمانەوێت ئەم پڕۆژەیە بەرینە ئێران و ئەم هاوکاریی و سەردانە بەردەوام بێت. ئەمانەوێت جارەکانی دیکە، شارەکانی تری کوردستان بەشدار بن. ئامانجمان ئەوەیە ئەم کەلتوورە تێکەڵاوبکەین بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ خاوەنکارەکان بڕەخسێت و ئەزموونەکان تێکەڵ و ئاڵوگۆڕ بکرێت. ئەمە مێژووە کە کەلتووری ئێران لە بواری هونەری دەستییەوە دەوڵەمەندە و ئێمەش دەمانەوێت پەرەی پێ بدین.