پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە: پێشنیازە بریاری پابەندییە داراییەکانی حکومەتمان پێشکەشکرد/ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی گرفتی بۆ دروست نەکەن
/
گفتگو
/
عومەر گوڵپی
زایەڵە
پەرلەمانی کوردستان
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، پێشنیازە بڕیارەکەمان ئاراستەی حکومەت کردوە، ئەرکی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی، لەمپەری بۆ دروست نەکەن .
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا، بەپێی ڕێکارە پەرلەمانیەکان، پێشنیازە بریاری پابەندییە داراییەکانی حکومەت مان پێشکەشکرد، کە تیایدا دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران یەکێک لە ماددەکانیەتی، ئەرکی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتە بچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی یاسایی و لەمپەر بۆ بڕیارەکە دروست نەکەن و ئەو مافەی فەرمانبەران بگەڕێننەوە.
وتیشی، رۆژی ٢ی ٩ی ٢٠٢١ ، بە واژۆی (٢٧) ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان، پێشنیازە بریاری پابەندکردنی حکومەت بە ئەرک و پابەندییە داراییەکان مان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، لە کۆبوونەوەی ژمارە(٦)ی ڕۆژی (٩ی ١١ی ٢٠٢١)، لە ڕێگەی خاڵی پەیڕەوییەوە داوای ڕوونکردنەوەمان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد لەسەر چارەنووسی پێشنیازە بریارەکە، ئەوان جەختیان کردەوە لەوەی ڕێکاری پەرلەمانی بۆ گیراوەتەبەرو ئاراستەی لیژنەی یاسایی کراوە بۆ کار لەسەرکردن، ئەمڕۆش بەدواداچوونم کرد، لیژنەی یاسایی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی حکومەتو پاشان دەرچوونی وەک بڕیارێکی پەرلەمانی، هیوامان وایە سەرۆکی حکومەتو جێگرەکەی کە بڕیاربەدەستی یەکەمو کۆتایین لە حکومەت لەمپەر بۆ پێشنیازە بڕیارەکە دروست نەکەنو ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێننەوە.
ڕونیشیکردەوە، پێشنیازە بڕیارەکە لە پێنج ماددە پێکهاتووە، یەکێک لە ماددەکانی پابەندکردنی حکومەتە بەدەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، هەروەها قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو پلەبەرزکردنەوانەی لە شەش ساڵی ڕابردوودا بە پاساوی ناڕەواو نایاسایی ڕاگیرابوون.بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە، هەموو مانگێک فەرمانبەران لە نێوان ( ١٠,٠٠٠ بۆ ٨٠,٠٠٠) دینار زیان دەکەنو لە مووچەکانیان کەمتر وەردەگرن، بە پێی ئاستو پلەی وەزیفیان، فەرمانبەر هەیە یەک پلەو هەیانەو دوو پلەی ڕاگیراوە، ئەو فەرمانبەرانەی کە خانەنیشین بوون زیانەکەیان زیاترە.
ئەوپەرلەمانتارە زیاتر دواو وتی، پاساوی ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران خراپی دۆخی دارایی بوو، لە ئێستەدا حکومەت دۆخی دارایی زۆر باشە، ئەگەر لەمکاتەدا حکومەت ژیانی فەرمانبەرییو مافەکانیان نەخاتەوە سەر ڕێچکە یاساییەکەی، کەی دەیکات.
سازدانی - کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: