جوتیار عادل: ٧٠٠ کۆچبەر لە بێلاڕووسەوە ناویان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە

(0) / / کردستان / زایەڵە جوتیار عادل هەرێمی کوردستان بێلاڕووس پۆڵەندا کۆچبەر


Nov 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد کە ٧٠٠ کۆچبەر کە لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە، ناویان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جوتیار عادل دوای کۆبوونەوەی ئاسایی‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجام دا.
ناوبراو لەبارەی پرسی کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا، گوتی: "٧٠٠ کۆچبەر بە ئارەزوومەندانە ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە".
ئاشکرایشی کرد، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، ١٠ کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتێ بە مرۆڤەوە دەستگیر کردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ دیاریی کردنی هۆکارەکانی کۆچ کردن پێکهێناوە و لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ١٠ی تشرینی دووەم ئەنجام داوه‌ و راپۆرت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکەنەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، زۆرینەی کۆچبەرەکان بوونەتە قوربانیی دەستی قاچاخچییەکان و هیچ پاڵنەرێکی سیاسیی یان ئابووریی بۆ کۆچ کردنیان نەبووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یەکەم کاروانی کۆچبەرانی گیرخواردوو لەنێوان سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا کە ژمارەیان ٤٣١ کەس بوو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.