پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە: هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەدەین

(0) / / گفتگو / پەرلەمانی کوردستان عومەر گوڵپی زایەڵە ڕاژەی شارستانی پلە بەرزکردنەوە


Dec 10, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی  کوردستان ئاشکرایکرد، بەپێى ھەردوو یاساى ڕاژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاساى مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلە بەرزکردنەوە (الترفیع) وەک مافێکی فەرمانبەر جێگیرکراوە و مافێکى یاساییە و بەپێى چەند مەرج و ڕێوشوێنێکى کارگێڕى پێویستە هەر فەرمانبەرێک چوار یا نە پێنج ساڵ جارێک بە پێى پلە و ئاستى فەرمانبەرێتى، پلەکەى بەرزبکرێتەوە بۆ پلەیەکى نوێ، کە لە ڕووى ماددى و مەعنەوییەوە جیاوازى هەیە لەگەڵ پلەى پێشوو.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی  کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ  پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بڕیارى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە، بڕیارێکى نایاساییە و دریژەدان بەم بڕیارەش دۆخى فەرمانبەرێتى تەواو شێواندووە و هەموو هاوکێشەکانى پەیوەندیدار بە پلە و ئاستى فەرمانبەرێتى و میلاکى تێک داوە.  لە ساڵى ٢٠١٦ەوە پلە بەرزکردنەوە ڕاگیراوە، هەربۆیە هێندێک لە فەرمانبەران کە لەو ساڵەدا شایستەى پلە بەرزکردنەوە بوون دوو پلەو زۆرینەى زۆرى فەرمانبەرانیش بەلاى کەمەوە یەک پلەیان لاى حکومەتەو چاوەڕوانى ئەو مافەیان دەکەن. ئەم بڕیارە مانگانە زیانى گەورە بە نزیکەى (٧٠٠,٠٠٠) فەرمانبەر دەدات، بڕى ئەو پارەیەى کە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێک لە نێوان (٦٠ تا ٣٠٠) هەزار دینارى مانگانەیە.
وتیشی، کۆى ئەو پارەیەى کە مانگانە بەهۆى پلە بەرزکردنەوەوە دەبێتە زیان بۆ فەرمانبەران، بە خەمڵاندنى ئێمە نزیکە لە (٥٠ ملیار) دینارى مانگانەوە، بەم پێیە بۆ ماوەى پێنج ساڵەکە بڕى ئەو پارەیەى فەرمانبەران لاى حکومەتە زیاترە لە (سێ ترلیۆن) دینار. لە بنەمادا هیچ پاساوێک بۆ وەستاندنى مافێکى یاسایى گوێ لێگیراو نیە و ڕەوا نیە، بەڵام خۆ ئەگەر پاساوێکیش لە ساڵانى ڕابردوو هەبووبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ئێستەداو بەهۆى زیادبوونى داهاتى هەرێمى کوردستان ئەو پاساوەش نەماوە.  پلە بەرزکردنەوە خێرو صەدەقەى حکومەت و کابینەیەک نیە، مافێکى یاسایى فەرمانبەرانە، وەکچۆن پلە بەرزکردنەوەى سەربازى لە وەزارەتەکانى پێشمەرگەو ناوخۆ کارێکى باش و شایستەیەو مافى فەرمانبەرانى سەربازییە، بە هەمانشێوە دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى ئەرکێکى یاساییە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران.
ڕونیشیکردەوە، ڕاگرتنى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران وەکچۆن ستەمە لە کاتى خزمەت بە هەمانشێوە ستەمێکى گەورەترە لە فەرمانبەر لەکاتى خانەنشینبوونى، چونکە هەموو فەرمانبەرێک لە کاتى خانەنیشنبوونیدا بەهۆى بەرزنەبوونەوەى مووچەى بنەڕەتیەوە زیانى زیاتر دەکات، کە ساڵانە نزیکەى (٥٠٠٠) فەرمانبەر خانەنیشن دەبن، ئەمە بێجگە لەوەى کە هەر لە بنەمادا بەهۆى جێبەجێ نەکردنى یاساى ژمارە (٩)ى خانەنیشنى یەکگرتوو ژمارەیەکى زۆر لە خانەنیشن بەمووچەیەکى وا خانەنیشن دەبن کە مرۆڤ شەرم دەکات ئەوە بە پاداشت و شایستەى کەسانێک بزانێت کە ساڵانێکى زۆر تەمەنى گەنجى خۆیان بە وڵاتەکەیان بەخشیوە، کە هێندێکجار نزیکە لە (٢٢٠) هەزار دینار.  لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا حکومەت مامۆستایان و کارمەندانى تەندروستى بە ڕۆڵەى ئەم وڵاتە نازانێت ئایا ژینگە پارێزێک کە ئەرکى پاککرڕاگرتنى ژینگەى لەسەرە، تەنها ئەرکى لەسەرەو حکومەت ئەبێت گوێى خۆى کەڕ کات لە ئاست مافەکانیدا ئایا ئەوانەى ڕۆحى خۆیان لە زۆرێک لە فەرمانگەکان پێشمەرگەئاسا دەخەنە مەترسییەوە بۆ خزمەتى خەڵک، ئەوانیش رۆڵەى ئەم وڵاتە نین و نابێت ئەنجومەنى وەزیران مافەکانیان بدات تا کەى حکومەت لەسەر ئەم یاسا شکێنیە بەردەوام دەبێت ئایندەى کارى حکومەتدارى و دامەزراوەیى لە سایەى بەڕێوەبردنى لەمجۆرە بەکوێ دەگات لەکاتێکدا فەرمانبەر هەیە پاش دە ساڵ لە خزمەتکردن مووچەکەى تەنها (٢٦٥ هەزار) دینارە، ئەوەش بەهۆى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەوە.
من پێم سەیرە حکومەت ئەم جورئەتەى هەیە بەڕاستى نازانێت ئەو پارەیەى لە فەرمانبەرانى دەبڕێت قووتى منداڵانە ئایا نازانێت هەزاران فەرمانبەر بەهۆى کەمى مووچەکەیان و سەختى بژێوى ژیانیان ناچارن کارێکى تریش بکەن، بۆ ئەوەى سەربەرزانە بژین، ئەگەر ئەمانە ئەزانێت بۆ مووچەکەیان بە پێى یاسا نادات  بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى ڕاگرتووە .
ئەو پەرلەمانتارە  ئەوەشی  خستەڕوو ،  لە ڕۆژى ٢ى ٩ى ٢٠٢١، بە واژۆى (٢٥) ئەندام پەرلەمان، پێشنیازە بڕیارێکمان پێشکەش بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانى حکومەت، کە لە پێنج ماددە پێکهاتووەو یەکێک لە ماددەکانى بریتیە لە دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران، بە ژمارە (ک/ ٢٩٤٣) لە بەروارى (٢٩ى ١١ى ٢٠٢١) دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و لیژنەى یاسایى وەڵامیان داینەوە، کە بەهۆى نەبوونى کەلێنى یاسایى دەرچوونى بریارەکە بە پێویست نازانن، هەربۆیە لە بەروارى (١ى ١٢ى ٢٠٢١) پاڵپشت بە بڕگەى (دووەم) لە ماددەى (٨٠)ى پەیڕەوى ناوخۆ، هەمان ئەو (٢٥) پەرلەمانتارەى پێشنیازەکەمان پێشکەش کردبوو جەختمان کردەوە لە پێویستبوونى دەرچوونى ئەم بڕیارە کە دەبێتە هۆى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیران و دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران. بەڕێزان، فەرمانبەرانى خۆشەویست ئێمە بەم هەوڵ و فشارەمان دەمانەوێت ئەو مافە یاساییە بگەڕێنینەوە بۆ ئێوەى بەرێز کە قووتى خۆتان و ماڵ و منداڵتان و بەرهەمى کارو خزمەتى ڕۆژانەتانە لە فەرمانگەکان، هەروەها دەمانەوێت حکومەت لەم یاخیبوون و فەوزایە ڕزگار کەین، هەروەها دەمانەوێت بەم بڕیارە پەرلەمان بخەینە سەنگەرى خەڵک و فەرمانبەران، ئێمە سورین لەسەر ئەم داوایە، هیوامان وایە هەموو پەرلەمانتاران و دەستەى سەرۆکایەتى و سەرجەم فراکسیۆنەکان پشتیوانى ئەم مافە یاساییەتان بن.
سازدانی - کامەران کەریم