ئاڵا تاڵەبانی: ئەگەری رێکنەکەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هەیە

(0) / / جهان / زایەلە هەرێمی کوردستان بەغدا نەوت


Feb 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا راگەیاند "رەنگە ئەمڕۆ بەبێ رێککەوتن بگەڕێینەوە"، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد "لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەکراوە کە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا هەیە و رەنگە ئەمڕۆش شاندەکە بگەڕێتەوە."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوی کردەوە "لایەنە شیعەکان و فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا داوای رادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن".
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەیان گوت کە رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوت جێگەی قبووڵ نییە."
سەرچاوەیەک لە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند: "دوای گفتوگۆ لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان بڕیارە لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام لایەنە شیعەکان ئەوانەی نوێنەرایەتیان هەیە لە پەرلەمان داوای رادەستکردنی پرسی نەوت و تەنانەت ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن."
 ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدابووین، ئەو کۆبوونەوانەی ئەوان کردوویانە و هەوڵەکانی فراکسیۆنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی باسکران، هیوادارین ململانێی سیاسی کە هەیە نەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ستەم لە خەڵکی کوردستان و مووچەی خەڵکی کوردستان بکرێت، هەرچەندە رێگریش هەیە. ئێستا ئەو بۆچوونە هەیە کە هەولێر و بەغدا ئەگەری رێکنەکەوتنیان هەیە، بەڵام ئێمە وازی لێناهێنین و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین."
 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی "یاساکە نەهاتووەتە دەنگدان و کێشەی زۆری تێدایە، کێشەکە هەر هەرێمی کوردستان نییە، شاندی هەرێمی کوردستان رەنگە بڕۆنەوە و جارێکی دیکە هەفتەی داهاتوو بگەڕێنەوە. بیانووەکەش تەنیا هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کێشەی دیکەش هەیە و لایەنەکانی دیکەش قسەی لەسەر دەکەن. بەڵام هەوڵێک هەیە کە ئەو بڕگەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان لە بودجەدا قورس بکرێت."
سەبارەت بەوەی رەنگە ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت "ئەوان هەندێک کۆبوونەوەی دیکەیان ماوە، رەنگە ئەمڕۆ بگەڕێنەوە و بڕیاریش لای ئەوانە. بەڵام هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامە، هەوڵەکانیش بەردەوام دەبن و فراکسیۆنەکانیش لە هەوڵی خۆیاندان."
لە ئەگەری رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت" ئێمە قسە لەسەر ئەوە دەکەین رێککەوتن بکرێت و لەسەر بودجەش شتێک هەبێت کە قابیلی جێبەجێکردن بێت، بەڵام دەبێت ئەو گەرەشمان لەبەرچاو بێت ئەگەر ماددەیەک بخرێتە ناو پرۆژەیاساکە و بە دڵی هەرێمی کوردستان نەبێت ئەوکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بیرلەوە بکاتەوە کە چۆن ئیدارەی دۆخەکە و مووچەی فەرمانبەران دەکات."
 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەوەی ئەگەر رێککەوتن نەکرێت کێ تۆمەتبار دەبێت (هەولێر یان بەغدا)؟  ئاڵا تاڵەبانی گوتی "ئەگەر خوا نەکات رێکنەکەوتین یان بڕگەکە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبوو ئەوا هۆکار زۆرە، عێراق ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و پێکهاتەکانی نێو پەرلەمان جیاوازن، رێککەوتنی سیاسیی ناخوات و پەرلەمانتار قسەی خۆی هەیە و گوێ لە سەرۆکی حیزب و فراکسیۆنەکانیان نەگرن، کێشەی زۆر لە نێوەڕاست و خواروی عێراق و شکستی گەورە لە نێوخۆی عێراق هەیە، هەرێمی کوردستانیش باش دەزانێت کە رێککەوتنی پێشووتری هەولێر و بەغدا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ئەوە نامتمانەیی دروستکردووە و پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەکانە بۆ چاککردنی."
 ئاڵا تاڵەبانی ئاماژە بەوەش دەدات "ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن [ هەولێر و بەغدا] و بەجێهێڵدرا بۆ پەرلەمان، بەدڵنیاییەوە ئەوە مانای رێکنەکەوتنە. بەڵام لەم چوار بۆ پێنج رۆژە دەنگ لەسەر بودجە نادرێت و رەنگە بخرێتە هەفتەی داهاتوو."
ئاڵا تاڵەبانی کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای گەڕاندەوە بۆ  "کێشەی نەوت" و گوتیشی "هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەکەی رازیە، بەڵام رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق جێگەی قبووڵ نییە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکەش ئەوەیان لەگەڵ ئێمە باسکردووە."
 سەبارەت بەوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لێوەدەکرێت کە 'رەنگە کاربگاتە ئەوەی حکومەتی عێراق هێز بنێرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و دەستیان بەسەردا بگیرێت'. ئاڵا تاڵەبانی رایدەگەیێنێت "پێموانییە، دۆخی عێراق بەرگەی ئەوەناگرێت ململانێیەکی دیکە دروست بێت، چونکە لە رووی ئابووری و ئەمنییە دۆخەکە جێگیر نییە و هەڵبژاردنیش لە پێشە. پێموایە یان رێکدەکەوین یان رێکناکەوین و هەرێمی کوردستان وەکو پێشتر ئیدارەی خۆی دەدات."
بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021 شاندی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەدا دووجار سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەی دارایی کۆبووەتەوە. هەرچەندە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە ماوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی بڕیاری گەڕانەوە نەدراوە.
کۆتایی/.