رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کێشە ئابوورییەکانی هەرێم چارەسەردەکات

(0) / / اقتصادی / دیلیۆت ئابووری نەوت هەرێمی کوردستان


Feb 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئامارەکانی كۆمپانیای دیلۆیت و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەریدەخات بڕیاری هەرێم بۆ ئەوەی دۆسێی نەوتی ناوخۆ بە بێ بەغدا و سەربەخۆ بگرێتە دەست، بوو بە سەرچاوەی کێشە ئابوورییەکانی هەریمی کوردستان.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئامارەکانی دیلۆیت دەریدەخات کە  بوژانەوەی گوزەرانی خەڵك و سەردەمی زێڕینی گەشەكردنی هەرێمی كوردستان ئەو كاتە بوو كە مووچە و بودجەی لە حكومەتی عێراقەوە بۆ دەهات، و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەێم دەبوژێنێتەوە.

بە پێی ئامارەكانی كۆمپانیای دیلۆیت كە ئەركی چاودێریكردنی دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێسپێردراوە، ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان 171 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

لەو ژمارەیەش تەنیا 11 ملیۆنی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بووە، بەڵام 160 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كراوە و تێكڕای هەر بەرمیلێك بە 53 دۆلار فرۆشراوە  كە داهاتەكەی دەكاتە هەشت ملیار و 438 ملیۆن دۆلار.

سەبارەت بە خەرجییەكانی  دۆسێی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا، لە 2019دا بڕی 700 ملیۆن دۆلار دراوەتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت، جگە لەوەش 25 ملیۆن دۆلاری دیكەشیان وەكو سوودی قەرزەكە پێدراوە.

دوو ملیار و 537 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتیش دراوە بە هەقدەستی كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە هەرێم.

بە پێی ئامارە فەرمییەكان زیاتر لە یەك ملیار دۆلاریش دراوە بە دوو كۆمپانیا لە بەرامبەر كرێی ئەو بۆرییەی نەوتی هەرێمی پێدا هەناردە دەكرێت، 494 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیا توركییەكە و 644 ملیۆن دۆلاریش بۆ كۆمپانیای خاوەنی بۆرییەكە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە.

هاوكات زیاتر لە یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلاریش دراوەتە بە قەرز، 610 ملیۆن دۆلاری بۆ قەرزی كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوتی توركی و 781 ملیۆن دۆلاریش بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی كارەبا و پاَلاوتگەكان.

بەو پێیەش كۆی خەرجی دۆسێی نەوت پێنج ملیار و 791 ملیۆن دۆلار بووە و دوو ملیار و 647 ملیۆن دۆلاریش ماوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

بە پێی ئامار و بەڵگەنامە فەرمییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا 30%ی ئەو داهاتەی بۆ دەمێنێتەوە كە لە نەوت دەستیدەكەوێت و رێژەكان بەم شێوەیە دابەشبوون:

 

13%ی بۆ كرێی بۆری نەوتی كوردستان و توركیا

 

16%ی بۆ قەرزی توركیا و كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت

 

9%ی بۆ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان (كارەبا و پاڵاوتگەكان)

 

30%ی بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت

 

2%ی بۆ خەرجی گۆرینەوەی دۆلار بۆ دینار

 

تەنیا 30%ش پوختەی ئەو داهاتەیە كە لە نەوت دەمێنێتەوە بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكومەت.

 

ئامارەكان دەیدەخەن كە كۆی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ سالێ‌ 2019، بڕی 15 ملیار دۆلار بووە و ئەویش بەم شێوەیە دابەش بووە:

 

 8.5 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ

 

4.5 ملیار دۆلار داهاتی هاتوو لە بەغدا

 

2 ملیار داهاتی نانەوتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان

 

ئەگەر هاتوو بەراوردێك بكەین لە نێوان داهات و خەرجی هەرێمی كوردستان لە نێوان ساڵانی نێوان 2013 و 2019، دەبینین جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەو دۆخەی كە خەڵك لەو دوو ساڵەدا تێیدا دەژیان، یەكەمیان كە بەغدا مووچە و بودجەی دەنارد و دووەمیشیان كە حكومەتی هەرێمی بە "سەربەخۆ" داهاتی كۆدەكردەوە.

 

داهاتی ساَلی 2013ی هەرێمی كوردستات 14 ملیار دۆلار بوو، لەبەر ئەوەش كە بەغدا رەوانەی دەكرد، سەرجەمی بۆ باشكردنی گوزەران و پرۆژەی خزمەتگوزاری خەرجكراوە و مووچەخۆرانیش 12 مووچەیان بە تەواوی و بێ لێبڕان و پاشەكەوت پێدراوە.

 

كاتێكیش دێینە سەر باسی 2019، دەبینین داهاتی هەرێمی كوردستان 15 ملیار دۆلار بووە واتە داهاتەكەی بە ژمارە یەك ملیار زیادیكردووە، بەڵام تەنیا پێنج ملیار بۆ خەڵك و مووچە و دامەزراوە حكومییەكان  ماوەتەوە و 10 ملیار دۆلارەكەی دیكەی دراوە بە قەرزی كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەكی، بە تایبەتیش كۆمپانیا توركی، هەروەها كرێی بۆری نەوت. سەرباری ئەوەش نۆ مووچە دراوە بە مووچەخۆران.