فازڵ نەبی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەرێم و موچەخۆران

(0) / / گفتگو / زایەڵە فازڵ نەبی دادگای فیدراڵی نەوت گاز


Feb 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراقی لەبارەى بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی نادەستورییە ڕایگەیاند، لێدانێکی گەورەیە کە بەر ئابوری هەرێمی کوردستان دەکەوێت و موچەخۆرانیش زیان دەکەن.  
فازڵ نەبی کە هاوکات پڕۆفیسۆرە و هەڵگری بڕوانامەی ئابورییە لە زانستی ئابوری بەشی ژمێریاری لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا دەڵێت، به ‌ڕاستی دوێنێ ڕۆژێکی ناخۆشە بوو بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکەکەی، چونکە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ناکرێت تانەی لێبدرێت و ئیسنتئناف بکرێتەوه،‌ بۆیە بە ڕاستی لێدانێکی گەورەیە کە بەر ئابوری هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لەبەر ئەوەی زیاتر لە 70-80% مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خەرجی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت و هەندێک لە گومرگ و باجەکانەوە دێت، بە ڕاستی کاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوە کۆتایی دنیا بێت بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو هەرێمی کوردستان هەندێک ڕێوشوێنی تر لەگەڵ حکومەتی بەغداد بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان.  
وتیشی: "هەر وەکو باسمانکرد بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی کۆتاییە، بەڵام ئێمە زۆر ڕێگەچارەی ترمان هەیە لەگەڵ بەغدا، یەکێک لەوانە گەڕانەوەیە بۆ مەسەلەی بودجە ئەو بودجەیەی پێش ساڵانی 2017 هەمان بووە نەک ئەوانەی پاش ساڵی 2017، ئەگەر هاتوو ئێمە لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوین لەسەر هەندێک ڕێوشوێن لە مەسەلەی بودجە، بودجە بگەڕێتەوە وەکو خۆی، بەدڵنیاییەوە ڕێککەوتنی تر دێتەپێش ئەویش بۆ نموونە دانانەوەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان یان دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان و حەق‌دەستی کۆمپانیاکانە کە بێگومان ئەوە مافێکی یاسایی هەرێمی کوردستانە کە داوا بکات لە بەغداد، بە ڕای من ئێمە دەتوانیین چارەسەری ئەو گرفتە گەورەیە بکەین کە هاتۆتە پێشمان چونکە مەسەلەی یاسای بودجە بۆ نموونە لە کۆتا جار لە ساڵی 2013 پێش ئەوەی کێشە دروست ببێت لەنێوان هەردوولا، ئێمە 14 تریلیۆن و 800 ملیار دینارمان لە بەغداوە ناردۆتە هەرێمی کوردستان کە ئەوەش بڕێکی زۆر گەورەیە، ئەگەر هاتوو ئێمە بتوانین بەو ئاڕاستەیە بگەڕێینەوە دەتوانین چارەسەری کێشەکانمان بکەین".  
فازڵ نەبی باسی لەوەشکرد کە "بەداخەوە من زۆر داوامکرد لە ڕێگەی ڕادیۆی ئێوە و زۆربەی تەلەفزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لەو ڕۆژەی کە من خانەنشین بووم لە مانگی دووی ساڵی 2017 کە پێنج ساڵی تێپەڕاند لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە 500 جار هاوارم کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ یاسای بودجەی پێش ساڵی 2017 ، چونکە دوای ساڵی 2017 و دوای گەڕانەوەمان لە بەغداد ڕۆژانە بەغداد لە ڕێگەی بودجەوە گورزی لە هەرێمی کوردستان و لە خەڵکی هەرێمی کوردستان داوە، بەداخەوە نەکەوتینە خۆمان واتە ئێمە وەکو کورد کێشەیەکمان هەیە دەبێت ستراتیجیەتمان هەبێت نابێت تەنها تاکتیکمان هەبێت بەبێ ستراتیجیەت بە داخەوە ئێمە تێکەوتین لە 2017 وە هەتا ئەمڕۆ ئێمە هەر زیان دەکەین و هەر بۆ دواوە گەڕاینەوە (زەربە) گورز لە دوای گورز لە هەرێمی کوردستان دەدرێت لە ڕێگەی بودجەی فیدڕاڵیەوە بۆیە دەبێت ئێمەش بگەینە خۆمان خەڵکی عاقڵ- هۆشمەند لە ڕێگەی لیژنەی عاقڵ- هۆشمەندەوە بتوانین لەگەڵ بەغداد بکەوینە دانوستان هەم لەسەر مەسەلەی بودجە و لە سەر مەسەلەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو مەسەلانەی کە باسمکرد."  جەختی لەوەکردەوە: "ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەدڵنیاییەوە بەڵێ گورزێکی زۆر گەورەیە بەڕاستی ئەگەر بچینە بنج‌وبنەوانی بڕیارەکەوە کاریگەری نەرێنی یەکجار زۆری دەبێت لە داهاتوو لەسەر مەسەلەی دەرهێنانی نەوت و غاز و کۆمپانیاکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆیە ئێمە دەبێت زوو فریای خۆمان بکەوین و نابێت دوابکەوین و بتوانیین ڕێگەچارەی بەدیل- جێگرەوە بدۆزینەوە."
سەبارەت بەوەی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهان و لە مامەڵەکردنی ئەو وڵاتانەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن تەنانەت ئەو کۆمانیانەشی کاری تێدا دەکەن، فازڵ نەبی وتی، "کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و نرخی نەوت لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە کۆمپانیاکان و مەسەلەی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و مەسەلەی نرخی نەوت و مەسەلەی ئەو دەوڵەتانەی کە تا ئێستا نەوتیان لێدەکڕین کە چۆن دەبێت لە داهاتوودا، چونکە ئێستا تۆپەکە لە یاریگای حکومەتی عێراقدایە ئەگەر خوانەخواستە حکومەتی عێراق بیەوێت ئیستغلال بکات- ئەو بڕیارە بەکار بهێنێت، بڕیارەکە دەرچووە لە دادگای فیدڕاڵی بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق، بۆیە ڕێگای بدیل- جێگرەوەی تر زۆرن کە فریای خۆمان بکەوین ناتوانم هەموو شتێک لە ڕادیۆ باس بکەم لەبەرئەوەی خەڵکی دژ بەکوردمان زۆرە لە ناوەڕاست و خواری عێراق بەڵام ڕێگەچارەی تر هەیە دەبێت بگەینە خۆمان لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو بڕیارە لە ڕێگەی حکومەتی فیدڕاڵیەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە ئەگەر نا کارەساتەکە زۆر گەورەیە."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئەو حکومەتەی کە ئێستا هەیە بەڵێ حکومەتێکی لاوازە بەڵام کاتێک بڕیارێک لە دادگای فیدڕاڵی دەردەچێت ئەو بڕیارە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووشە ئێستا حکومەتێکی لاواز هەیە لەوانەیە پاش سێ مانگی تر حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دروست ببێت، دەبێت ئێمە بگەینە خۆمان نابێت بیر لە ئێستا بکەینەوە کێشەی کورد هەمیشە لەسەر ئەوەیە کە بیرمان لە ئێستا کردۆتەوە و بیرمان لە دوور نەکردۆتەوە ئەگەر حکومەتێکی بەهێز هاتە سەر حوکم یان ئەو خەڵکە نەیارانەی هەرێمی کوردستان هاتنە سەر حوکم زۆر ئەگەر هەیە بەڵێ ئەو حکومەتەی ئێستا هەوڵدەدات ناتوانێت بڵێت من ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەم بەڵام هەوڵدەدات دوایبخات هێواش هێواش بە پرۆسێسەکەدا بڕوات، بەڵام ئێمە دەبێت ترسمان لە حکومەتی داهاتوو هەبێت دەتوانیین چارەسەری ئەو کێشانە بکەین من دەمێکە پێشبینی زۆر شتم کردووە و قسەم کردووە لە هەندێک شوێن لەوانەیە هەندێک بەرپرس پێیان ناخۆش بووبێت بەڵام من لە وەتەرە- دەمارە گشتیەکەیم دا پێش ئەوەی بڕیارەکەش دەربچێت، مرۆڤ ناتوانێت لە دەزگای ڕاگەیاندا وردەکاری شتەکان باس بکات ئینجا بۆیە دەڵێم ئێمە نابێت بیر لەو ساتە بکەینەوە تەنها ڕێگەچارە لە پێش کورد ئەوەیە کە ئەمڕۆ کورد جارێکی تر ببێتەوە بە یەکدەنگ و پشتی یەکتر بگرن لە بەغداد ئیسغلال دەکرێن لەو پارچە پارچە بوونەی کە ئێستا هەیە دژی کورد و شتی تریشی بەدواوە دێت بەڵام لە ئێستاوە دەبێت ماڵی کورد یەکبخرێتەوە و داوام لە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە زووترین کات نێوماڵی کورد یەکبخەنەوە و هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەبێت لەسەر هەندێک پۆست لەبەغداد هەموو بتوانیین بە یەکەوە یەکدەنگ بین هەتا بتوانین بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی بەهێز بین و بتوانین ئەو ڕێگەچارە جێگرەوانەی کە هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەدەست بهێنین.