پرۆژەیەکى گرنگى کارەبا بۆ شەقامى مەلیک مەحمود جێبەجێ دەکرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە کارەبا مەلیک مەحمود


Jun 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەبڕى 2 ملیۆن دۆلار پرۆژەیەکى گرنگى کارەبا بۆ شەقامى مەلیک مەحمود جێبەجێ دەکرێت.
بەمەبەستى کەمکردنەوەى بەکارهێنانى کارەباو پاراستنى ژینگەو بەخشینى سیمایەکى جوانتر بەشەقامى مەلیک مەحمود، لەسەر بودجەى رێکخراوى (UNDP) بەبڕى (2) ملیۆن دۆلار، بەسەرپەرشتى پارێزگارى سلێمانى و لیژنەیەکى هونەرى لەبەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى و بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى، پرۆژەى نۆژەنکردنەوەو گۆڕینى پێکهاتەکانى تۆڕى رووناکى (ئینارە)ى شەقامى مەلیک مەحمود کە درێژییەکەى 16 کیلۆمەترە جێبەجێ دەکرێت.
ئەندازیار ئەبوبەکر رەسوڵ، سەرۆکى لیژنەى سەرپەرشتیارى پرۆژەکە بەزایەڵەی ڕاگەیاند، پرۆژەکە لەئیستادا چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە بریتییە لەگۆڕینى پێکهاتەى ئینارە کۆنەکە کە سۆدیۆمە و کارەبا زۆر خەرج دەکات بۆ گڵۆپى (لید) کە کارەباى زۆر کەم دەوێت و دۆستى ژینگەیە.
وتیشی،  کۆى بودجەى پرۆژەکە بریتیە لە 2 ملیۆن دۆلار و لەلایەن رێکخراوى (UNDP) دابینکراوە.هەروەها شێوازى هەڵبوون و کوژاندنەوەى گڵۆپەکان دەگۆڕدرێت بۆ سیستمى (تایم زۆن) کە بەپێى پرۆگرامێکى تایبەت، لەکاتى خۆرئاوابوون و خۆڕهەڵاتن هەڵدەبێت و دەکوژێتەوە، بڕیارە پرۆژەکە لەماوەى (365) رۆژدا تەواو ببێت.
جێى ئاماژە بۆکردنە هەر لەئەمساڵدا لەسەر بودجەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى پرۆژەى دابینکردنى کارەباى بەردەوام بۆ شەقامى مەلیک مەحمود جێبەجێکراوە.  
کامەران کەریم