حزبوڵڵا توانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل هەڵبخەڵەتێنێت؛ دەیان كەس كوژران و برینداربوون

(0) / / جهان / زایەڵە حزبوڵڵا ئیسرائیل کوردستان لوبنان


Oct 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - حزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێكی درۆنیدا بۆسەر شارۆچكەی بنیامینی ئیسرائیل توانی سێ سەرباز بكوژێت و 67 كەسیش بریندار بكات، كە برینی بەشێكیان سەختە، هێرشەكەش سەری لە سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل شێواندووە و بەگەورەترین هێرشی حزبوڵڵا دادەنرێت لەوەتی جەنگی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل فراوان بووە.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی شكستیهێناوە لە دیاریكردنی درۆنەكاندا و یەكێك لە درۆنەكان پێش ئەوەی بتەقێتەوە چەند مووشەكێكی هاویشتووە.

لەلایەكی دیكەوە، بەوتەی ڕۆژنامەی "یسرائیل هیوم" زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە لەو ناوچەیەی هێرشەكەی تێیدا ڕوویداوە كاریان نەكردووە.

بەوتەی ڕادیۆی ئیسرائیل، ئەو هێرشەی ئەمشەو حزبوڵڵا كردوویەتی خوێناویترین هێرش بووە لەوكاتەوەی شەڕ دەستیپێكردووە.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل دەشڵێت "حزبوڵڵا سەركەوتوو بووە لە هەڵخەڵەتاندنی سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل و چەند مووشەكێكی هاویشتووە و سەرنجی لەسەر درۆنەكان لابردووە كە بە وردی ئامانجیان پێكاوە".

بەوتەی میدیاكانی ئیسرائیل، چەندین هێلیكۆپتەر بۆ گواستنەوەی برینداران هاتوونەتە ناوچەكە و 50 ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییش بەشداری گواستنەوەی بریندارەكانیان كردووە.

سوپای ئیسرائیل بەهۆی كارنەكردنی سیستەمی بەرگریی و لێنەدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە و ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی هێرشەكەی حزبوڵڵاوە دروستبووە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

لەبارەی هێرشەكەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی بڵاوكردووەتەوە، كە حزبوڵڵا پێش ئەنجامدانی هێرشە درۆنی و مووشەكییەكە، دانیشتوانی شارۆچكەكانی باكوری ئیسرائیلی ئاگاداركردووەتەوە نزیكی بنكە سەربازییەكانی ئیسرائیل نەكەونەوە.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیل باس لە وردەكاری هێرشەكە دەكات و دەڵێت "حزبوڵڵا سێ درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، یەكێكیان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی تێكیشكاندووە، دوای ئەوەی زەنگی ئاگاداركردنەوە لە جەلیلی خۆرئاوا لێیداوە، درۆنێكیشیان لەنێوان ناوچەكانی عەكا و نەهاریا كەوتووەتە خوارەوە، ئەوی دیكەشیان چووەتە قوڵایی ئیسرائیل و لە ناوچەی بنیامینا بەبێ ئەوەی زەنگی ئاگاداركردنەوە لێبدات ئامانجەكەی پێكاوە".