وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: لە هیچ کەسێک قبووڵناکرێ چەکی بێمۆڵەتی پێبێت

(0) / / کردستان / زایەڵە چەک بێ مۆڵەت ڕێبەر ئەحمەد


Jun 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە هیچ کەسێک قبووڵناکرێ سەرپێچی یاسا بکات و چەکی بێمۆڵەتی پێبێت، ئەگەر هەر پلە و پۆستێکیشی هەبێت."

 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 30-6-2022، لەبارەی چەکهەڵگرتن، کوشتن و تەقەکردن کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند، "لەدوای ئەوەی گفتوگۆیەکمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەت کرد، فەرمانی کرد کە پێویستە سنوورێک دابنرێت و یاسایەک وەکو خۆی جێبەجێبکرێت. دوای ئەو گفتوگۆیە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پارێزگارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە و هەر چوار ئیدارەی سەربەخۆ لە زاخۆ، سۆران، راپەڕین و گەرمیان کرد. پەیامی جەنابی سەرۆکی حکومەتم پێگەیاندن کە پێویستە دەستبەجێ ئەو شوێنانەی چەک دەفرۆشن.. ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە و ئەوانەیشی مۆڵەتیان نییە هەر هەموویان دابخرێن."

 "زۆربەی شوێنەکانی چەکفرۆشتن داخران"

 وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی کە زۆربەی شوێنەکان کە چەکیان تێدا دەفرۆشرێت داخراون "خۆشبەختانە لە کاتێکی زۆر کورتدا، بەشێکی زۆری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە و لە هەولێر، سلێمانی، سۆران و دهۆک فەرمانەکە وەکخۆی جێبەجێکراوە. هەرچی شوێنی فرۆشتنی چەکە داخراوە. ئەمەش تاوەکو کاتێکی دیاریکراو؛ تاوەکو یاسای نوێی ژمارە 2ی ساڵی 2022 کە بەم دواییانە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە..."

رێبەر ئەحمەد گوتی "لە هەفتەی داهاتوو ئەو رێنماییانە دەردەچن و بەشێوازێکی نوێ پەیوەندی نێوان چەکفرۆشان لەگەڵ حکومەت رووندەکرێتەوە و جێبەجێدەکرێت."

 "هەرکەسێک دەستکاری تابلۆ و رەنگی ئۆتۆمبێل بکات، دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت"

 وەزیری ناوخۆ سەبارەت بەو کەسانەی سەرپێچی یاسا دەکەن و تابلۆ و رەنگی ئۆتۆمبێل دەگۆڕن، گوتی "هەرکەسێک لە هەر پۆست و پلەیەکدا بێت و نەشرەو فەرارەی پۆلیس بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاربهێنن و دەستکاری ژمارەی تابلۆ و رەنگی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، یان بەشێوازێک کە بەدەر لە رێنوێنییەکانی هاتووچۆ بێت، دەستبەجێ ئۆتۆمبێل و خاوەنەکەی دەستگیر بکرێت و سزای دارایی بەسەردا بسەپێندرێت."

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گوتیشی "زۆرجار لە میدیا یان لە سۆشیال میدیا گوێبیستی ئەوەدەبین کە خەڵکانێک لەژێر پەردەی ئەوەی کە کوڕ و کەسوکاری خەڵکانی بەرپرسن و یان کەسانی دەستڕۆیشتوون، هەوڵدەدەن بەدەر لە رێنوێنییەکان و بەدەر لە یاساکان هەندێک رەفتاری نەشیاو ئەنجام بدەن، دامەزراوەکانی ئەمنی و ئاسایش رۆژانە ئەو خەڵکانەی خۆیان بەدەستڕۆیشتوو و بەناو کوڕە بەرپرس دادەنێن سزا دەدەن و ئەوانەی کەوتوونە بەردەستی مەفرەزەکانی هاتووچۆ رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و سزای یاساییان بەسەردا سەپێندراوە."

 "هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزای پێویست بدرێت و رووبەڕووی یاسا و دادگە بکرێتەوە"

 رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا هۆشداریی دا و گوتی "چیدیکە لە هیچ کەس قبووڵناکرێت بەدەر لە یاسا و رێنوێنییەکان نە ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت نە سەرپێچی رێنوێنییەکانی هاتووچۆ بکات. هیوادارم هەموو لایەک پەیامەکە وەکخۆی وەربگرن، چونکە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەستواڵا کراون لەوەی کە هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزای پێویست بدرێت و رووبەڕووی یاسا و دادگە بکرێتەوە."

 "شوێنی هەڵگرتنی چەک بۆ پێشمەرگە دروستدەکەین، بۆ ئەوەی چەک نەبەنەوە"

 وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە شوێنی هەڵگرتنی چەک بۆ پێشمەرگە دروستدەکەن، بۆ ئەوەی چەک نەبەنەوە بۆ ماڵەوە و گوتی کە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە قسەی کردووە، چونکە "بەداخەوە بەشێک لەو چەکەی زۆرجار بەکاردێت، ئەو چەکەیە کە لەدەست ئۆرگانە فەرمییەکانن، چ برایانی پێشمەرگە، ئاسایش یان پۆلیس بێت. برایانی پێشمەرگە شوێنێک نییە کە چەکی خۆیانیانی تێدا هەڵبگرن، پێشتریش لە ئەنجوومەنی وەزیران باسکراوە و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونمان کرد.. کاتێک ئەرکی فەرمیی پێشمەرگە تەواو دەبێت، چەکەکە لە شوێنی تایبەت هەڵبگیرێت و چەک لەگەڵ خۆی نەباتەوە بۆ ماڵەوە."

 لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رێبەر ئەحمەد گوتی، "ئەگەر کەسێک بەدەر لە یاسا و رێنوێنییەکان مامەڵە بکات ئێمە فەرمانمان داوە بە دەزگا ئەمنییەکان لە پۆلیس و ئاسایش کە دەستکراوە بن لە جێبەجێکردنی یاسا و حساب بۆ هیچ کەسێک نەکرێت."