جەختی ڕێبەری ئێران لە سەر پێویستیی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لەگەڵ ڕوسیا و دەرکردنی ئەمریکا لە سوریا

(0) / / ایران / زایەڵە ئایەتوڵڵا خامنەیی ئێران ڕوسیا ئەمریکا پۆتن


Jul 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختی کردەوە کە ڕووداوەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی دەرخەری پێویستی هاوکاریی و پێوەندیی زیاتری دوو وڵاتە.

ڕێبەری باڵای ئێران لە دیداری لەگەڵ ڤیلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا جەختی کردە سەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێکەوتن و گرێبەستەکانی نێوان دوو وڵات بە تایبەت لە بواری وزەدا و دەرکردنی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای فوران لە سوریا.

ئایەتوڵڵا خامنەیی هەروەها لەمەڕ سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا وشیاری دا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هاوکارییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە بەرژەوەندی هەر دوو لایەنە.

هەروەها هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بە تایبەت بە هۆی گەمارۆکانی ڕۆژئاوای بە پێویست زانی.

ڕێبەری باڵای ئێران سەبارەت بە شەڕی ئۆکراینا وتی: شەڕ بابەتێکی نەخوازراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەر ئەوەی خەڵکی سڤیل تووشی کێشە دەبن بژاردەی شەڕی پێ باش نییە، بەڵام لە دۆسیەی ئۆکراینا ئەگەر ئێوە دۆخەکەتان کۆنتڕۆڵ نەکردبا، لایەنی بەرانبەر خۆی دەبووە دەستپێکەری شەڕ.

ڕێبەری باڵای ئێران ڕایانگەیاند: وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی ڕوسیایەکی بەهێز و سەربەخۆن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ناتۆی بە ڕێکخراوێکی مەترسیدار ناو برد و وتی: ئەگەر ڕێگا لە بەردەم ناتۆ کراوە بێت هیچ سنورێک ناناسێت و ئەگەر لە ئۆکراینا ڕێگریی لێ نەدەکرا، ماوەیەک پاش ئەوە بە بیانووی کرێمە ئەم شەڕەیان دەستپێدەکرد.

ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەش دا؛ ئەمڕۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا لاوازترن لە ڕابردوو و سەرەڕای هەوڵ و تێچوویەکی زۆر، ئەگەری سەرکەوتنی سیاسەتەکانی ئەوان لە ناوچەکەی ئێمە بە تایبەت لە سوریا، عێراق، لوبنان و فەڵەستین زۆر کەم بووە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی پرسی سوریای بە گرنگ وەسف کرد و وێڕای جەختکردنەوە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دژایەتی هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئەم وڵاتە و پێویستی ڕێگریکردن لەو هێرشانە، وتی: بابەتێکی گرنگی دیکە لە سوریا داگیرکردنی ناوچە دەوڵەمەندەکان بە کشتووکاڵ و نەوتە لە ڕۆژئاوای فورات لە لایەن ئەمریکاوە کە ئەمەش دەبێت بە دەرکردنیان لە ناوچەکە چارەسەر بکرێت.

ڕێبەری باڵای ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی دەستێوەردانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کاروباری ناوچەکە، ستایشی هەڵوێستی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ڕوسیای لە بەرانبەر ئەو ڕژێمە کرد.