کەللـەسەری خانمە نیاندەرتاڵێکی  75 هەزار ساڵە دۆزراوە لە ئەشکەوتی شانەدەر کرایە  مۆدێلێکی سێ رەهەندی

(0) / / کردستان / زایەڵە شانەدەر نیاندەرتاڵ


May 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

دوای ئەوەی تیمێکی بەریتانی کەللـەسەری مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر دەدۆزنەوە، کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بیکەنە مۆدێلێکی سێ رەهەندی و بەڵگەفیلمێکیشی لەسەر بەرهەمدەهێنن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-05-2024، د. ئێما پۆمرۆی، زانای بواری بەبەردبوون رایگەیاند، کاریان لەسەر کەللـەسەری مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ کردووە، کە پێشتر لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان دۆزیویانەتەوە، بۆ ئەوەی بیکەنە مۆدێلێکی 3D و، وەک بەڵگەفیلمێک لە تۆڕی نێتفلیکس بڵاویبکەنەوە.
 
بڕیارە بەڵگەفیلمەکە بەناوی "نهێنییەکانی نیاندەرتاڵەکان - Secrets of the Neanderthals" بڵاوبکرێتەوە.
 
د. ئێما گوتی "مۆدێلەکە کە خانمێکی نیاندەرتاڵە و 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، یارمەتیمان دەدات زیاتر لێیان تێبگەین."
 
کەللـەسەرەکە لەلایەن تیمێکی شوێنەوارناسیی بەریتانیا لە 2018 لە ئەشکەوتی شانەدەر سەر بە پارێزگەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان دۆزراوەتەوە، ناویان لێناوە شانەدەرZ. ئەمەش دوای ئەوەی تیمەکە لە 2015 دەستیان بە گەڕان کردەوە.

گرایم بارکەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کامبریجی بەریتانیا رایگەیاند "کەللـەسەرەکە وەک پیزا پان ببۆوە. کارێکی سەرسوڕهێنەرە، لەو کەللـەسەرە ئەو مۆدێلە دروستبکرێت."
 
تیمە بەریتانییەکە بە مۆڵەتی بەشی شوێنەوار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێسکوپروسکەکەیان بردووەتەوە و کاریان لەسەر کردووە.
 
ئێسکوپروسکە دۆزراوەکە بریتیبووە لە پەراسوو، شان، پشتەسەر، ددان، بڕبڕە، شەویلاگ و دەستی راست. کارکردن لەسەر پێکەوەبەستنەوەی پارچەکان نزیکەی یەک ساڵی پێویست بووە؛ چونکە ئێسکەکان زۆر نەرم ببوون و پێویستیان بەوە بووە پتەو بکرێنەوە.
 
بەگوێرەی د. ئێما، هەموو بەشەکانی کەللـەسەرەکە لەوێ بوون، "بەڵام گومان دەکەین بەهۆی بەربوونەوەی بەردێک لە ئەشکەوتەکە، وردوخاش بووبێت."
 
تیمەکە دەڵێن، هەرچەندە نەیانتوانیوە ئێسکی حەوزی ئەو نیاندەرتاڵە بدۆزنەوە، بەڵام دەڵێن دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، دەرکەوتووە "ژنە."
 
تیمەکە بۆ چەسپاندنی ئەو راستییە پشتییان بە لێکۆڵینەوە لەسەر چەند پرۆتینێکی ددانی ئەو کەللـەسەرە بەستووە، کە چەند جیناتێکی ژنانی تێدایە.
 
د. ئێما لە روونکردنەوەی زیاتری مۆدێلەکەدا دەڵێت "پێمانوایە ئەو ژنە لە چلەکانی تەمەنی کۆچی دوایی کردبێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە شێوەی رەگی ددانی کەللـەسەرەکە."
 
دوای پێکبەستنەوەی بەشەکانی کەللـەسەرەکە، دوو هونەرمەندی هۆڵەندی بە ناوەکانی ئادری و ئالفۆنس کێنیس، کاری چاپکردن و دروستکردنی مۆدێلی ئەو مرۆڤەیان کردووە بەشێوەی سێ رەهەندی.
 
دۆزینەوەی ئێسکوپروسکی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر بۆ ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە. تیمێکی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک بە سەرۆکایەتیی راڵف ستێفان، شوێنەوارناسی ئەمریکی توانیان ئێسکوپروسکی 10 مرۆڤی نیاندەرتاڵ بدۆزنەوە کە ژن، پیاو و منداڵیان تێدابوو، پرۆسەکە تاوەکو ساڵی 1961ـی خایاند.