گفتوگۆی تەلەفونی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق؛ ئیدانە کردنی هێرشەکەی زاخۆ و تاوتوێ کردنی ئەنجامەکانی لوتکەی تاران

(0) / / عراق / زایەڵە ئێران عێراق زاخۆ


Jul 21, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گفتگوگۆ لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی وێڕای ئیدانە کردنی هێرش بۆ سەر ناوچەی زاخۆ، بڕیارەکانی لوتکەی تاران هاوپێوەند بە سوریای لێکدایەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە گفتوگۆی تەلەفونی ڕۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەکەی، هێرشەکەی سەر ناوچەیێکی گەشتیاریی لە زاخۆی کە تێیدا ژمارەیێکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی بوونە قوربانی، ئیدانە کرد.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی ئێران لەگەڵ بنەماڵە و کسوکاری قوربانیان و گەل و حکومەتی عێراق، پشتگیریی وڵاتەکەی لە ئاسایش و ئارامی عێراق دەربڕی.

هاوکات ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامەکانی لوتکەی تاران بە بەشداریی سێ وڵاتی ئێران، ڕوسیا و تورکیا بە تایبەت جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەریی پرسەکان لە ناوچە سنوورییەکانی، پێشکەش کرد.

لای خۆیەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق،وێڕای سوپاسی هاوخەمی ئێران بۆ ڕووداوەکەی زاخۆ، ئاماژەی بەوە دا کە لە نێزیکەوە بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و ئەو هێرشەی بە پێشێل کردنی سەروەری خاکی عێراق، ناوبرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق بانگەشەکان لەمەڕ بوونی گرووپی تیرۆریستی لەو ناوچەیەی بەدرۆ زانی.