سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: لە شەش مانگدا 799 دۆسیەی گەندەڵیمان تۆمارکردووە
/
کردستان
/
زایەڵە
ئابوورئ
گەندەڵی
کوردستان
ئەحمەد ئەنوەر
زایەڵە - ئەحمەد ئەنوەر سهرۆكی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٢ دا ، ٧٢کەسی پلە باڵاو پلە تایبەتی تۆمەتبار بە گەندەڵی لەلایەن دادوەرانی دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لهنێویشیاندا شەش وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وهزارهت، پێنج راوێژکار، ئەندامێکی پەرلەمان، پارێزگارێك و پێنج قائیمقام، ٣٤ بەڕێوبەری گشتی، ههشت ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگا ههیه.
وتیشی، جگه لەو کەسانەی کە بەهۆی ئەوەی حەسانەی یاساییان هەیە نەتوانراوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەشکرد، دەستەی دەستپاکی هەر سکاڵایەکی پێبگات سەبارەت بە پرسی گەندەڵی بەرپرس و پلە تایبەتەکان، لە سەرەتادا لێکۆڵینەوە دەکات و زانیاری لەسەر ئەو کەسە کۆدەکاتەوە، بەڵام دادگایکردن و سزادانی تۆمەتباران لە دەسەڵاتی دادوەرانی دەستەی دەستپاکییە.
هەروەها، لەبارەی دامەزراندنی دادگایەکی تەرخانکراو بە پرسەکانی گەندەڵی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، دهستهكهیان زیاتر لە چوار ساڵە داوای دامەزراندنی دادگایهكی تایبهتمهندی كردووه، بۆئەوەی دەستەی دەستپاکی بتوانێت باشتر بەدواداچون بۆ کەیسەکان بکات و لە ماوەیەکی کەمدا کەیسەکان یەکلایبکاتەوە، ئێستا لە دادگاکانی هەرێم کەیسەکانی دەستەی دەستپاکی لەگەڵ سەدان کەیسی دیکە لە دادگاکان تاوتوێدەکرێن، بۆیە بەشێک لە کەیسەکان کاتێکی زۆریان دەوێت بۆئەوەی یەکلابكرێنهوه.
ئەحمەد ئەنوەر سهرۆكی دەستەی دەستپاکی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، داواکارن لە ئەنجومەنی دادوەری، زۆری و ترسناکی کەیسەکانی گەندەڵی بەهەند وەربگرن بۆئەوەی دادگایەکی تایبەتمەند بە کەیسی گەندەڵیدابمهزرێت، لەبەرئەوەی دواکەوتن و پەرتبونی یەکلایکردنەوەی کەیسەکان گومان دەخاتە سەر رێڕەوی ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوە و دادگایکردن.
سەبارەت به ئامارەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەدا، بە گشتی ٧٩٩ کەیسی گەندەڵی هەیە لە هەرسێ بەڕێوبەرایەتیهكانی دهستپاكی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک،.
وتیشی، کۆی داوا سزاییەکانیش کە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت ٥٤٨ داوان، ههروهها ٢٥١ داوای هەواڵدەریی ههیه، بەڵام نهخراونهته بەر دەستی دادوەر، کۆی ئەو کەیسانەشی لە دادگا و بەبڕیاری دەستەی دەستپاکی یهكلاكراونهتهوه ١٣٨ کەیس بوون.
هاوکات، لەبارەی کەیسەکانی تایبەت بە داتاکانی فەرمانگەی یاسایی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ٢٠٥ کەیس لە قۆناغی دادگایکردندان کە ٤٠ كهیسیان یەکلایبوونهتهوه و بڕیاریان لێدراوە، ٣٤ کەیسیش دووبارە لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت، لەو ٤٠ کەیسەش ٢٨ کەیسیان تۆمەتبارکردن بوون.
لەبارەی سزاکانیشەوە، ئهحمهد ئەنوەر ئاشکرای کرد، بەشێکی زۆری سزاکانی سهر گهندهڵكاران، سزای سوکن و ژمارەیەکی زۆریش له سزاکان بڕیاری راگرتنیان تێدایە کە لەگەڵ سزای کەیسی گەندەڵیدا یەکناگرێتەوە و پێویستە سزاکان توندتر بکرێن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: