هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانى لەمەڕ دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق

(0) / / عراق / زایەڵە ماڵی مام بافڵ تاڵەبانی عێراق


Aug 03, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق دەکەن و ئەرکی هەمووانە بە رۆحێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن.  
بافڵ تاڵەبانى لە پەیامێکدا ئاماژەى بەوەکردووە "ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان ماڵی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانە و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی عیراق لەو دۆخەی تێیکەوتووە".  
دەقى پەیامەکە:  
پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی عیراق دەکەین و ئەرکی هەموومانە بە رۆحێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەین.  
دەبێت هەموومان پێکەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری کار بکەین، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکەینە بنەمای کارکردن و چارەسەری کێشەکان. پێکەوە داهاتوویەکی ئارام بۆ هاوڵاتییان بونیاد بنێین و ئامانجە باڵاکانمان بەدی بهێنین.  
ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان ماڵی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانە و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی عیراق لەو دۆخەی تێیکەوتووە.  
داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەم بەرژەوەندی گەل و وڵات بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتەکان و هەوڵەکانیان لەپێناو داهاتوویەکی گەشتردا بێت. هاوڵاتییانمان لە عیراق و هەرێمی کوردستان قوربانیی زۆریان داوە و ئەرکی هەموولایەکمانە خزمەتیان بکەین.  
بافڵ جەلال تاڵەبانی  
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  
٢ی ئابی ٢٠٢٢