دەستگیرکردنی گروپێکی داعشی لە بازیان

(0) / / کردستان / زایلە عراق سلیمانیە داعش ضد ترور


Aug 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئاسایشی سلێمانی ئاشكراكردن و دەستگیرکردنی گروپێکی داعشی لە قەزای بازیان ڕاگەیاند.

زایەڵە- بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە قەزای بازیان لە ھەندێك شوێنی گشتی دروشمی داعش نووسرا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە ژووری ئۆپراسیۆن پێکھێنرا بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە “لەماوەی کەمتر لە 48 كاتژمێردا، زانیاری و بەڵگەی دروست لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەدەستکەوت و شوێن و ناسنامەی تیرۆریستان ئاشکراکران و خرانە ژێر چاودێری وردەوە، پاش ڕەزامەندیی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە چوار ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتی جیاجیادا ھەر چوار تیرۆریستی تاقمەکە (ر. ج.)، (ر.ج.ح.)، (ئ.س.) و (م.ج.) لە ڕۆژی 27ی ئابی 2022 کە بەرەگەز کوردن لە بازیان دەستگیرکران”.

پاش لێکۆڵینەوە، بەپێی دانپێدانانیان تیرۆریستان مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنوورەكە ئەنجامبدەن لە دژی دامەزراوەکانی حکومەت و ئارامی لە خەڵک تێکبدەن”، وەك ئەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی پێداوە.

ڕوونیشیكردەوە، لەبارەی ئەو دۆسێیەوە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و لەبەر ھەستیاریی کەیسەکە ھەندێ زانیاری بە نھێنی ھێڵدراونەتەوە.