یانەى دهۆک گەڕایەوە خولى نایابى عێراق

(0) / / ورزش / زایەڵە دهۆک خولی نایاب عێراق


Sep 11, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دوای شەش ساڵ بێبەش بوون لە نێو زلهێزەكان، هەڵۆكەی بادینان  گەڕایەوە نێو هێلانەی شكۆی جارانی خۆی، ئەمەش لە یارییەكی كەم وێنە وبێ وێنەی نایابی دوێنێ ئێوارە كە رووبەڕووی یانەی ئەمانەی شاری بەغدا بوویەوە.
تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆك هەر لەسەرەتای یارییەكە دیاربوو ئامادەكارییەكی باشی كردبوو،هێرشبردن ونەوەستان لەنێو یاریگا تیپی بەرانبەری شۆك كردبوو،ئەوكاتیش تەنها لە تێپەڕینی پانزە خولەك یاریزانی پیشەگەر (برێنس) توانی گۆڵی یەكەم بۆ یانەی دهۆك تۆماربكات وئەم تایمە بە ئەنجامی (1-0) لە بەرژەوەندی دهۆك بەكۆتا هات.
تایمی دووەم یارییەكە زۆر هەستیار ومەترسیداربوو،ئەمانە هەوڵی یەكسانبوونی دەدا ولەچەند هێرشێكی توند وتۆكمەدا دەگەیشتنە نێو سزای یانەی دهۆك،بەڵام لەلایەن بەرگریكارانی دهۆك بەرپەچدەدرانەوە،هەروەها یانەی دهۆكیش وویستی ئەوەبوو خۆی مۆسگەر بكات ولەناكاو ولە دژە هێرشێك گۆڵی دووەم تۆمار بكات و ئومێدی ئەمانە ببڕێت و ئیفلیجی بكات،ئەوانەی روویدا لە تایمی دووەم هەمووی لە ئارادابوو،كاتێك لە خولەكی (81) یاریزانی دهۆك (كەریم دەلی) توانی ئەوەی بەرنامەیان بۆ دڕژرابوو جێ بەجێی بكات  وگۆڵی دووەم و دڵنیابوونەوەی دهۆكی تۆماركرد و بەو ئەنجامەش یانەی ئەمانە دابەزی بۆ خولی پلە یەك و دهۆكیش گەڕایەوە هێلانە بڵندەكەی جارانی خۆی ولە هەموو بەرزاییەكانی چیاكان وەك هەڵۆ بۆ وەرزی (2022-2023) رووبەڕووی زلهێزەكان دەبێتەوە ودەبێتە ژمارەیەكی قورسی ئەم خولە.
لەكۆتایش هەر لەگەڵ دەست پێكردنی یارییەكە لەشاری دهۆك هەموو رژابوونە سەرشەقام وكۆڵانەكان بۆ هاندانی یانەكەیان،ئەمەش یەكێك بوو لە جوانی شارەكە  و وەرزش،چونكە دیمەنێك و شێوازێكی ئاوا بۆ هاندان یەكەمجارە لە كوردستان وعێراق رووبدات.