وەزیری ئاوەدانکردنەوە ژمارەیەک پڕۆژە لە سنوری کۆیە بەسەردەکاتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە دانا عەبدولکەریم ئاوەدانکردنەوە کاولان گۆمەشین


Oct 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە ئایندەیەکی نزیکدا کارکردن لە رێگای دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە دەستپێدەکاتەوە، لە ھەوڵداین بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە رێگای دوسایدی کۆیە-ھەولێر .
رۆژی یەکشەمە ٢٠٢٢/١٠/١٦ ، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەیاوەری ھەردو بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت پڕۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی کاولان، گۆمەشین و قزوڵی لە سنوری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە بەسەرکردەوە.
پڕۆژەکان بەفەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە جێبەجێ دەکرێن، کە بەشێکیان تەواو بون و بەشێکیان لەئێستادا کارکردن تیایدا بەردەوامە.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵیەوە ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوری ناحیەی ئاشتیمان کرد، کە وەک حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چەند رێگایەکیان بۆ قیرتاو دەکەین کە لەماوەی یەک دو ھەفتەی رابردودا نزیکەی ١١کم رێگا لە گوندەکانی کاولان و گۆمەشین و قزلو قیرتاوکراوەو کارکردن لە چەند گوندێکی دیکەش بەردەوامە.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانیشدا سەبارەت بە رێگای دوسایدی کۆیە ھەولێر، وتی ، ئەوە رێگایەکی ستراتیژییە و ھاوکات بەشێکیشە لە دوسایدی ھەولێر سلێمانی، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١١ەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو دەبو تا ساڵی ٢٠١٤ تەواو بکرێت، بەلام تەواو نەکراوە، لەئێستاشدا بەھۆی بارودۆخی داراییەوە حکومەت ناتوانێت بودجەی پڕۆژەکە دابین بکات کە ٣٦٠ ملیار دینارە، بەڵام وەک وەزارەت لە گفتوگۆداین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لەپڕۆژەکە بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەختیکردەوە، لەئایندەیەکی نزیکدا کارکردن لە رێگای دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای دۆزنەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی ھەیبوە، راپۆرتی وەزارەت چوەتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش پەسەندیان کردوە.
لای خۆشیەوە قائیمقامی کۆیە وێڕای بەخێرھاتن و پێشوازی، سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو کارەکانی وەزارەتی کرد لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە سنورەکەیان و رایگەیاند؛ زۆر پڕۆژەیان لە سنوری کۆیە ئەنجامداوەو لە بواری رێگاوبان پشکی شێرمان بەردەکەوێت و کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لەم ماوەیە ئەنجامدراوە.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم