ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەڕووداوە دڵتەزێنەكەی شاری سلێمانی

(0) / / گفتگو / زایەڵە سامان لەتیف سلێمانی


Nov 18, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە -  بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەڕووداوە دڵتەزێنەكەی شاری سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
سامان  لەتیف  لێپرسراوی  ڕاگەیاندنی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،     سەبارەت بەو ڕووداوە دڵتەزێنەی شاری سلێمانی كەبەهۆی تەقینی سیستمی غازی ماڵێكەوە ژمارەیەك هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە دوای بیستنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لەگەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی ڕوویدا بەفەرمانی بەڕێز( د.سەباح نەسرەدین) بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم نەخۆشخانە و تیمەكانی فریاكەوتن و پزیشكی دادی و بانكی خوێن خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ پێشوازی لەبریندارانی ئەو ڕووداوە.
وتیشی، لەسەرەتای ڕووداوەكەوە تاوەكو كۆتایی 15 تیمی فریاكەوتنی تەندروستی ئامادەبوونیان هەبووە لەكاتی دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانیانی ڕووداوەكە و سەرجەم پزیشك وكارمەندانی نەخۆشخانەی شار و بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و كارمەندان و پزیشكانی پزیشكی دادی و بانكی خوێن  و کۆگای دەرمانی هەرێم  هەموویان لەئامادەباشیدابوون و شەوی ڕابردو لەئەركدابوون.
ڕونیشیکردەوە، بەداخەوە لەئەنجامی ئەو ڕووداوە (15) پانزدە هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و( 12) دوانزدە هاوڵاتیش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كران و ئەو بریندارانە( 8 )هەشتیان دوای چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە  و سێ برینداریان نەشتەگەریان بۆ كراوە و یەك بریندار لەبەشی چاودێری چڕدایە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێویستی دەزانین   سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی فریاکەوتن و  نەخۆشخانەكان و پەیمانگای پزیشکی دادیی و بانکی خوێن و کۆگای سەرەکی دەرمان هەرێم  بکەین  كەتوانیان چارەسەری پێویست پێشكەشی بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بكەن.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم