بەهۆی لێچونی غازەوە،  مۆتێلێك لە سلێمانی داخرا

(0) / / کردستان / زایەڵە گاز سلێمانی


Dec 01, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی نەپشكنینی سیستمی غازەكەیی و لێچونیەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی مۆتێل گوڵی لالە دادەخات.
رێكان جەمال سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند،  دوای ئاگاداركردنەوەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانییەوە بونی لێچونی غاز لە سیستمەكەیدا و دوای سەردانی تیمەكان دەركەوت كە سیستمی غازی مۆتێل گوڵی لالە لێچونی هەیە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی مانەوەی میوان و گەشتیاران لە مۆتێلەكەدا راگیراو لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی مۆتێل گوڵی لالەـیان لەگەڕەكی عەقاری داخست.
سەرۆكی لیژنەھاوبەشەكان وتیشی،  بۆ رێگری لە رودانی كارەساتی نەخوازراو، پێویستە شەش مانگ جارێك سیستمی غاز پشكنینی بۆ بكرێت و لەكاتی هەبونی كەموكورتیدا چارەسەربكرێت.
رێكان جەمال ئاماژە بۆئەوەش دەكات، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان و گەشتیاران ئەو شوێنە گشتییانەی سیستمی غازیان هەیە پشكنین بۆ سیستمەكەیان بكەن بۆئەوەی لەكاتی سەردانی لیژنە هاوبەشەكان رووبەرووی داخستن و سزایی یاسای نەبنەوە.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم