عارف قوربانی  چاودێری سیاسی: هەمواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق تەنیا لە بەرژەوەندیی پارتی و یەكێتیدایە

(0) / مقالە


Feb 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

چاودێرێكی سیاسی دەڵێت:”هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەنیا لە بەرژەوەندیی پارتی و یەكێتیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عارف قوربانی نووسەر و چاودێری سیاسی لە نووسینێكیدا ئاماژە بەوەدەكات:”یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەجۆرێك هەموار كرایەوە كە لە بەرژەوەندیی كوتلە گەورەكان بێت، دوور نییە دوای هەڵبژاردن كەشێكی سیاسی بێنێتە ئاراوە كۆتایی بەو فرە رەنگییە لە فراكسیۆنی جیاجیای پەرلەمانی بهێنێت و پەرلەمان بەسەر چەند هاوپەیمانێتییەكی گەورەدا دابەش بكات، چونكە یاساكە بواری ئەوەی بۆ حیزبە بچووكەكان نەهێشتووەتەوە بە ئاسانی بگەنە پەرلەمان، هەروەها ئەو حیزبانەش كە دەنگەكانی زۆر پەرت و بڵاون بەهۆی فرە بازنەیی لە هەڵبژاردندا دەرفەتی ئەوە نەماوە دەنگەكان بۆ یەك بازنە كۆبكرێتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەو حیزبانەی نفوزیان لە ناوچەی دوورلەیەك و پەرت و بڵاوە،‌ ئەوانیش شانسی بەدەستهێنانی كورسییان نەماوە.

لەبەشێكی تری نووسینەكەیدا عارف قوربانی ئەوەی خستووەتەڕوو:”بە كورتی و كوردییەكەی، یاساكە بۆ موجامەلەی كوتلە بەهێزەكانی عیراق هەموار كرایەوە و لە كوردستانیش بەدڵی پارتی و یەكێتی. لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە كۆمەڵگەی عیراق و كوردستان بەرەو خێڵگەری ئاراستە دەكات، چونكە حیزبەكان ناچار دەكات بۆ كۆكردنەوەی دەنگ لە بازنەیەكی دیاریكراو، كوڕ و كەسوكاری سەرۆك خێڵ و هۆز و عەشیرەتەكان بەربژێر بكەن. ئەمەش عیراق و پەرلەمانەكەی بەرەو ئەنجوومەنی هۆزەكان دەبات نەك دامەزراوەیەك بۆ خزمەتی برەودان بە دیموكراسی. ئەوانەی عەڕابی ئەم شێوازە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بوون و ئەندازیاری ئەو دیزاینەی نەخشەی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بوون، شاراوە نییە بەچی مەبەستێك ئەوەیانكرد، بەڵام گەلانی عیراق لە داهاتوودا باجەكەی دەدەنەوە.

هەروەها نووسەر و چاودێرە سیاسییەكە ئاماژەی بەوەش كردووە:”یاساكە هەر كاریگەریی لەسەر هێز و كوتلە سیاسییەكانی عیراق نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی كوردستانیش دەبێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژانی پەسندكردنی هەمواری یاساكە لە ‌پەرلەمانی عیراق و هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكانی بەشدار لە پەرلەمان بهێنینەوە یادی خۆمان، دیمەنەكان جوانتر دەبینین كە ئەوكات گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ‌ و ئەو پەرلەمانتارانەی لەوانیش جیا ببوونەوە، هەمویان لە دژی هەمواری یاساكە بوون و ناڵەیان گەیشتبووە ئاسمان كە ئەم یاسایە پێشێلكردنی دیموكراسییە و بواری هاوبەشی سیاسی بۆ هێزە بچووكەكان ناهێڵێتەوە، تەنانەت ڕوونتر دەیانگووت ئەمە بۆ موجامەلەی پارتی و یەكێتیی و بە ئیتیفاقی نهێنی ئەوان كراوە ‌و لەمەودوا هەموو كورسییەكانی پەرلەمانی عیراق لە كوردستان پارتی و یەكێتی دەیبەن.

ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردووەتەوە:”بێگومان ئەو قسەیە ڕاستە كە هەمواری یاساكە تەنیا لە بەرژەوەندیی پارتی و یەكێتیدایە و لە باشترین دۆخدا ئەگەری ئەوە هەیە یەكگرتوو، كۆمەڵ، گۆڕان و نەوەی نوێ‌ هەر یەكی یەك كورسی ببەن، ئەوەش وەك ئەگەرێكی لاواز. دروستبوونی هاوپەیمانێتیی هیوا و هەموو ئەو ئەگەرانەش بۆ دروستبوونی بەرەیەكی فراوان لەنێوان ئەو حیزبانەی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، هێشتا دڵنیایی ئەوەی نییە كە بتوانرێت كورسییەكان لە پارتی و یەكێتیی وەرگرن، چونكە یاساكە بەو جۆرە هەموار كرایەوە ‌و بازنەكان بەدڵ و بەپێی قورسایی و دەنگی پارتی و یەكێتی و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ژووری هەڵبژاردنی ئەو دوو حیزبە دروستكران، بۆیە هەرچەندە ئێستا هاوكێشەكانیش گۆڕاون و پەیوەندییە سیاسییەكان پێچەوانەی ئەو كاتەیە كە یاساكەی تیا هەمواركرایەوە، بەڵام تازە زەمەن ناگەڕێتەوە ‌و دەرفەتی هەموارێكی دیكەی یاساكە نەماوە. ئەوەی روونە ئەوەیە كە ئەو شەست كورسییەی خولی داهاتووی پەرلەمان، لیستەكانی یەكێتی و پارتی دەیبەن.

عارف قوربانی زیاتر ڕوونی كردووەتەوە و دەڵێت:”ئەگەر پارتی و یەكێتی هەر یەكە و لیستی سەربەخۆی خۆی هەبێت و كەسیتر نەكەنە هاوبەشی خۆیان، هەموو كورسییەكان بۆ ئەو دوو حیزبە دەبێت. با گریمانەی ئەوە بكەین هەر یەكی 30 كورسی دەبەن، ئەگەر حیزبەكانی دیكەش بەرنە ناو لیستەكەی خۆیانەوە ژمارەی كورسییەكانیان زیاتر ناكات، چونكە بازنەكانی هەڵبژاردن بەپێی زۆنەكان و بە خواستی ئەو دوو حیزبە بەو جۆرە دیاریكراون، بەڵكو تەنیا لەناو ژمارەی كورسییەكانی خۆیاندا نوێنەرەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت. بۆ نمونە ئەگەر یەكێتی هەر خۆی چووە هەڵبژاردنەوە ‌و 30 كورسی بردەوە، واتا 30 بەربژێری یەكێتی دەبنە پەرلەمانتار، بەڵام ئەگەر یەكێتی و دوو حیزبی دیكە بە یەك لیست دابەزن، ئەوكات هەر 30 كورسییەكە دەبەن، بەڵام ڕەنگە 20 بەربژێری یەكێتی بگاتە پەرلەمان و 10‌ كورسییەكەی دیكە هاوبەشەكانیان بیبەن.

هەروەك ڕوونیشی كردووەتەوە:”ئەمە بەو مانایەیە وەك چۆن كورسییەكانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، چەند كورسییەك بەپێی بازنەكانی هەڵبژاردن كەم و زۆری رێژەی دەنگدان، كورسییەكان كەم و زۆر ناكات، بازنەكانیش بۆ پارتی و یەكێتی بەو جۆرە دیاركراون و دەرئەنجامی هەڵبژاردنیش ئەم راستیە دەسەلمێنێت، بەڵام ئەوەی دەبێتە گۆڕانكاری لە هاوكێشەكان جۆری ئەو هاوپەیمانێتییانەیە كە بۆ پەرلەمان یاخود لەدوای هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست دەبن.

عارف قوربانی لە نووسینەكەیدا تیشكیی خستووەتە سەر ئەوەی، تاوەكو ئێستا وەك زانیاریی سەرەتایی لەبەردەستن ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی خەریكە دابەش دەبن بەسەر دوو هاوپەیمانێتیی جیاوازی شیعەكاندا، یەكێتی لەگەڵ عەممار حەكیم و پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدر. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەم دوو حیزبە بۆ لەنێوان خۆیان هاوپەیمانێتییەك دروست ناكەن وەك هاوپەیمانیی كوردستانی، بۆ دەبنە پاشكۆی دوو هاوپەیمانی كە ئاییندەكەی روونه،‌ كورد هیچی تیا ناچنێتەوە. هیچ هاوپەیمانێتییەكی شیعەكان ئامادە نییە ماف و داخوازییەكانی كورد بكاتە ئامانجی خۆی، ئەی كەواتە بۆچی ئاوی كوردستان دەكەنە ئاشی بەهێزبوونی شیعەكانەوە؟

دەشڵێت: ئەگەر دابەشبوونەكە بەو جۆرە بێت و كورسییەكانی كورد وەك نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان لە خولی داهاتوو بخرێتە ناو لیست و هاوپەیمانیی لایەنە عێراقییەكانەوە، دەبێت لە ئێستاوە بەرچاومان روون بێت كە شتێك نامێنێت بەناوی ماف و داخوازیی خەڵكی كوردستان، سەرباری ئەوەی كە پێكیشەوە بن و هیچ دڵنییایەك نییە بۆ ئەوەی كورد بتوانێ‌ لە داهاتووی عێراقدا بە مافە زەوتكراوەكانی بگات، بەڵام لانی كەم وەك نەتەوەیەك كە كێشەیەكی هەیە و كێشەكەی چارەسەر نەكراوە، هەقی داواكردنەوەی خەباتی هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی، بەڵام بە بوونە بەشێك لە لیستێكی هاوبەشی عێراقی دوور لە ئەجێندایەكی كوردستانییانە، كورد تەنانەت ئەو مافەش لەدەست دەدات كە هەقی داواكردنەوەی مافەكانی هەبێت.

عارف قوربانی نووسەر و چاودێری سیاسی لە كۆتایی نووسینەكەیدا دووپاتیدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت:”بۆیە پێویستە پارتی و یەكێتی بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی و بە دركردن بە مەترسییەكانی داهاتوو، بیر لە ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستان بكەنەوە و شێوازی هەڵبژاردنەكە بكەنە دەرفەت بۆ مشتوماڵكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی كوردستانی وەك جۆرێك لە دڵنیایی بۆ ڕزگاربوون لەو پەرتەوازەیی و خۆخۆرییەی ئێستا لەنێوان نوێنەرە كوردەكاندا بەدیدەكرێت لە بەغدا. بەوە دەتوانن هەڵگری خواست و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بن و بە دەنگ و پێگەیەكی بەهێزترەوە لە هاوكێشەكانی داهاتووی عیراقدا رۆڵی زیاتر بگێڕن. ئەگەر دەیانەوێ‌ شەرعیەتی نوێنەرایەتی كردنی میللەتێكی مەزڵومیان بمێنێ‌. خۆ ئەگەر بەهۆشی خۆیاندا نەیێنەوە، ئەو رق و كینەیەی نێوانیان هەر بەردەوام بێت و زیاتر هانیان بدات بەرەو ژێر باڵ و عەبای عەرەبەكان، دڵنیابن جگە لە ناوێكی بێزراو لە مێژوودا هیچیان بۆ نامێنێتەوە.

خەڵك – بەشی هەواڵ