مامۆستایەکی زانکۆ لەبارەی بەرزبونەوەی  نرخی دۆلار؛ ئەمریکا سیاسەتى کشانەوەى دۆلار لەم وڵاتانە پەیڕەو دەکات

(0) / / گفتگو / زایەڵە دۆڵار ئەمریکا شەماڵ ئەحمەد ئابووری


Dec 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ "هەر ناسەقامگیرییەکى بازاڕ دەبێتە هۆى ناسەقامگیرى سیاسەت و ئەمەش کێشەیەکى گەورە دەبێت لەبەردەم سۆدانى وەکو سەرۆک وەزیرانى نوێی عێراق بۆ ئەوەى بەرنامە و کارنامەى حکومەتەکەى بەبێ ئاستەنگ بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە."

شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بابەتى بەرزبوونەوەى نرخى دراوە بیانییەکان یەکێکە لەو پرسانەى کە پەیوەندییەکى تەواوى بەژیانى ڕۆژانەى هەموو تاکەکانى ئەو کۆمەڵگایانەوە هەیە کە بەمەبەستى دابینکردنى پێداویستییەکانى ڕۆژانەیان پشت بەبەرهەم و کاڵا هاوردەکان دەبەستن. عێراقیش وەکو یەکێک لەو وڵاتانەى کە ئاستى بەرهەمى ناوخۆیی ناتوانێت پێداویستییەکانى بازارى ناوخۆ پڕ بکاتەوە بەهەر بەرزبوونەوەى نرخى ئەو دراوانە لەبەرامبەر دراوى نیشتمانى عێراق (دینار) زیانێکى زۆر بەر تەواوى تاک بەتاکى گەلى عێراق دەکەێت بەهەموو پیکهاتەکانیەوە، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندى نییە بە جیاوازییەکانى پێکهاتەکان.

وتیشی، یەکێکى دیکە لە ئەنجامەکانى ئەم بەرزبوونەوەیە بریتییە لەوەى بازاڕى ناوخۆ بەهۆى جوڵەى پێوانەى دراوەکانەوە بەهەردوو ئاڕاستەى بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە بەردەوام دەبێتە هۆى نا سەقامگیرى بازاڕ،دەمێکیشە وتراوە کە ئابوورى و سیاسەت دووڕووى یەک دراون، کەواتە هەر ناسەقامگیرییەکى بازاڕ دەبێتە هۆى ناسەقامگیرى سیاسەت و ئەمەش کێشەیەکى گەورە دەبێت لەبەردەم (سۆدانى) وەکو سەرۆک وەزیرانى نوێی عێراق بۆ ئەوەى بەرنامە و کارنامەى حکومەتەکەى بەبێ ئاستەنگ بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، گومان لەوەدا نییە کە یەدەکى دراوى بیانیی لە عێراق (دۆلار) بەپێی دوا لێدوانەکان ئاستێکى پێوانەیی تێپەڕاندووە، کەواتە  کێشەکە لە عێراق پەیوەندى بە نەبوونى (دۆلار) ەوە نییە، هەروەها پەیوەندى بە خستنە ناوبازاڕەوە نییە، بەڵکو لەوانەیە نەخستنە بازاڕى (دۆلار) بەرنامەیەکى پێشوەختەبێت، بۆیە پرسیار لە هۆکار و ئەنجامەکانى ئەم دۆخە داراییە ئاڵۆزە بابەتێکى هەنوکەییە و پێویستى بە تێڕامان و وردبوونەوەى جددی هەیە. سەبارەت بەهۆکارەکان دەشێت بڵێین کەلەو وڵاتانەى کە سنووریان بە سنورى عێراقەوە هەیە، بەتایبەتى هەردوو وڵاتى تورکیا و ئێران، نرخى دراوەکانیان (لیرەى تورکى و تمەنى ئێرانى) بەبەراورد بە نرخى (دۆلار) داشکاندنێکى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە، ئەو داشکاندنە بەرمەبناى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بەشێویەکى سروشتى نەبووە، بەڵکو بەهۆى ئەو سزائابووریی و داراییانەوە بووە کە لەلایەن (ئەمریکا) وە خراوەتە سەر ئەو دوو وڵاتە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کە (دۆلار) لە عێراق وە کۆچبکات بۆ ئەو وڵاتانە جابەشیویەکى یاسایی بێت یان نایاسایی لەڕێگاى سپیکردنەوەى دراوە جیهانییەکانەوە ئەمەش پێچەوانەى بەرنامە و پلانەکانى ئەمریکایە و بابەتێکە قبوڵ ناکرێت، بۆیە بەقاچاخبردنى دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئەو وڵاتانە لەڕێگاى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلارەوە یەکێکە لە هەنگاوەکان، ئەوەش بەئامانجى بەدیهێنانى هاوسەنگى نێوان نرخى دراوى وڵاتانى دراوسێ لەگەڵ عێراق لەکاتى مامەڵەکردنى ئەو دراوانە بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى.

ڕونیشیکردەوە،  بابەتێکى دیکە پەیوەندى بە خودى ئەمریکاوە هەیە کە سیاسەتى کشانەوەى دۆلار لەم وڵاتانە پەیڕەو دەکات بەتایبەتى کە تورکیا و ئێران و عێراق وەکو وڵاتانى گەورەى هاوردەکار و هەناردە لەم ناوچەیەدا سەرقاڵى ئەوەن لەگەڵ کۆمارى چین و ڕوسیاى فیدراڵى بە دراوى نیشتمانى ئەو وڵاتانە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیان ئەنجام بدەن، ئەمە نەوەکو تەنیا عێراق بەڵکو لەکاتى ئێستادا شانشینى سعودیە و کوەیت و قەتەریش خەریکى ئەو جۆرە مامەڵەیەن، بەواتایەکى دیکەهێنانەخوارەوەى دۆلار لەسەر تەختى پاشایەتى لەسەر ئاستى مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان کارێکە پەرچەکردارى دەبێت و یەکێک لەوانە کشانەوەى دۆلارە و بەوەش نرخى دۆلار بەرز دەبێتەوە. یەکێکى دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ڕێژەیەکى بەرچاو دۆلار لاى هاولاتیانى وڵاتانى ئەم ناوچەیە لە ماڵەکاندا دانراوە مامەڵەیان پێوەناکرێت بەئومێدى ئەوەى کەلە داهاتوودا سوودى زیاتر بەدەست بهێنرێت، لەوانەیە ئەو ڕێژەیە بەبەراود بە هۆکارەکانى پێشەوە ڕێژەیەکى کەم بێت بەڵام کاریگەرى خۆى هەیە، چونکە چ گرەنتییەک هەیە لە داهاتوودا ئەمریکا دۆلارەکانى  ئەم ناوچەیە ناخاتە لیستى ڕەشەوە بەوەش زیانێکى گەورە بە گەلانى ئەم ناوچەیە ناکەوێت وەکو ئەوەى دەوترا کە (دۆلارى لیبی) لەبازاڕەکاندا بە نرخێکى کەمتر مامەڵە پێوە دەکرا (هەرچەندە ئەم بابەتە ساغ نەبۆتەوە تاوەکو چ ئەندازەیەک ڕاستە یان دروست کراوە). ئەوەشمان بیر نەچێت کە ئەو نرخەى بانکى ناوەندى عێراق دیاریکردووە بۆ خستنە ڕووى دۆلار لەبازاڕەکانى عێراقدا نرخێکە کە لەبانکى ناوەندییەوە پاڵپشتى دەکرێت، لابردنى ئەو پاڵپشتییە یان کەمکردنەوەى نرخى ڕاستەقینەى دۆلارمان بۆدیاریدەکات، بۆیە بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار یان دابەزینى پەیوەندى بە خواستى کڕیاران و مامەڵە بازرگانییەنێودەوڵەتییەکانەوە هەیە.

ئەوەی جێگاى تێڕامانە ئەوەیە کە بارودۆخى دارایی ناسەقامگیر تەواوى وڵاتانى ناوچەکەى گرتۆتەوە بۆیە پێشبینیکردن بۆ داهاتوو لە بارودۆخێکى ئاڵۆز و ناڕوونى وەکو ئەم بارودۆخەى ئێستا کارێکى سەختە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم