نوسەرێک بۆ زایەڵە: نوخبەی بێ سوود و سەرقاڵکەری کۆمەڵگە

(0) / / گفتگو / زایەڵە بێ سوود کۆمەڵگە


Jan 09, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل محمودجەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ لەناو ئەم هەموو تراژیدیایەدا دەنگ و هەڵوێست و ڕۆڵی نوخبەی ڕۆشنبیر وجودی نیە، بەڵکو بەشێکیان بندیواری ئەو دەسەڵاتە حزبیەن و بۆ خەریککردنی خەڵک بەململانێی لاوەکییەوە هەر ڕۆژەو بەجۆرێک شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵکە چەوساوەکەدا دەکەن."
 کامیل محمود نوسەر و ڕۆژنامەنوس  بە زایەڵەی ڕاگەیاند،  سی و یەک ساڵە وڵات بە میزاجی حزبی و بەپێی بەرژەوەندی بنەماڵە و میرەکانی جەنگ بەڕێوە دەچێت و چوارچێوەیەکی دەستووری و هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی کارا و حەقیقی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات وجودی نییە، خۆیان شایەتی لەسەر فەرهود و نەگەڕاندنەوەی زیاتر لەنیوەی سامانی وڵات بۆ ناو خەزێنەی گشتی دەدەن، بازاڕ شێواوەو نرخی کاڵاو پێویستییەکانی خەڵک بەردەوام لەهەڵکشاندایە، خزمەتگوزاری کارەباو و ئاو وەک سەرەتای دوای ڕاپەڕینە، نەوت و سوتەمەنی لەماڵاندا نیە، گەنجان بێکارن و دەرچوانی زانکۆکان ساڵانێکە مەحرومن لەکارو دامەزراندن لەکەرتی گشتی، کەرتی تایبەتیش لەلایەن بەرپرسان و هاوبەشەکانیانەوە قۆرخ کراوە.
وتیشی،  لەناو ئەم هەموو تراژیدیایەدا دەنگ و هەڵوێست و ڕۆڵی نوخبەی ڕۆشنبیر وجودی نیە، بەڵکو بەشێکیان بندیواری ئەو دەسەڵاتە حزبیەن و بۆ خەریککردنی خەڵک بەململانێی لاوەکییەوە هەر ڕۆژەو بەجۆرێک شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵکە چەوساوەکەدا دەکەن، چاویان لەئاستی ئەو هەموو پێشێلکاری و ستەمکاری و تاڵانی و گەندەڵی و فەزائیحانەی ناو ئەم هەرێمە داخستووە و قسەو فۆکس و تەرکیزیان لەسەر ئایین و موعتەقەداتی خەڵک و هەندێ دابی کۆکۆمەڵگەی کوردستانن و بەدوای ئەو کێشە لاوەکیانەوەن کە دەبێ دوای کۆتایی ئەو هەموو نەهامەتیانە خەڵکی بەوانەوە سەرقاڵ بکرێت، لەم ڕێگایەوە بوونەتە پارێزەرو پشتیوانی ستەم و خەریککردنی خەڵک بەدۆزو ململانێیەکەوە کەدۆزو پرسی بنەڕەتیی خەڵک نیە.
ئەو نوسەرە ڕونیشیکردەوە،  لەبری جەدەل و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە و چڕکردنەوەی باسەکان لەسەر ئەو دۆخە خوڵقێنراوەی ژیانی خەڵکی ئاڵۆز کردووە بەهۆی ئەزمونی خراپی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتەوە، ئەو نوخبە نمایشکارە بەجەدەلی بێزەنتییەوە خەڵکیان سەرقاڵ کردووە بەکێشەی لاوەکی خوڵقێنراوەوە وەک ئەوەی مەستیان ئەوەبێت سەرنجی خەڵک لابدەن لەسەر دۆخی سیاسی و شێوازی خراپی حوکمڕانی، نوخبەی ڕۆشنبیر لەم دۆخانەدا پێشەنگی کۆمەڵگەن لەبەرامبەر ئەم جۆرە دەسەڵاتانەدا نەک بەپێچەونەوە قەڵغانی دەسەڵاتبن لەڕووی تووڕەیی و نیگەرانییەکانی خەڵکی ستەمدیدەدا لەڕێگای ئەم سەرقاڵکاری و جەنگێکی دەروونی بێ سوودەوە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم