هۆشداری لە بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز لە مەرەش دەدرێت

(0) / / عراق / زایەڵە مەرەش بوومەلەرزە


Feb 08, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بوومەلەرزەزانێکی ئەڵمانی هۆشداریی دەدات لە روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە مەرەشی باکووری کوردستان و دەڵێت: رەنگە بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر بێت. 
پرۆفیسۆر دکتۆر مارکۆ بۆهنوف، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی بوومەلەرزەی ئەڵمانیا (GFZ) بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، سترێس و ناسەقامگیری لە چینەکانی زەویدا بەشێوەیەکی پەرش و بڵاو بەدیدەکرێن و لە داهاتوودا ئەگەری بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە هەمان شوێندا کە چەقەکەی مەرەش دەبێت؛ روودەدات.  
جەختی لەوەکردەوە، کە مەترسییەکان بەردەوامن و گوتی: "پێموایە هەردوو بوومەلەرزەکەی مەرەش کە بەگوڕی 7.7 و 7.6 بوو، بوومەلەرزە گەورەکە نەبووە، رەنگە هەر لەم چوارچێوەیەدا بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێزتر رووبدات و بەڵگەی ناسەقامگیریش ئەوەیە کە رۆژانە بەردەوام پاشلەرزەی بەهێز روودەدات کە زۆربەیان نزیکە لە 5 پلە و هەندێکیان زیاتریشە. رەنگە بەدوای ئەم ناسەقامگیرییە بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بەگوڕی 7.8 پلە رووبدات". 
لە ئاماژەیەکی بۆ کاریگەریی بومەلەرزەکان بۆسەر ئیستەنبووڵ، مارکۆ بۆهنوف رایگەیاند، راستە کەم و زۆر کاریگەریی دەبێت، بەڵام مەترسییەکی ئەوتۆ لەم قۆناخەدا لەسەر ئیستەنبووڵ نییە. 
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەر لە روودانی بوومەلەرزەکاندا، ئەم زانا ئەڵمانییە رایگەیاند، سەرباری ئەوەی تەکنۆلۆژیای بەرز لەم رووەدا بەدیدەکرێن، بەڵام هەندێکجار دۆخەکە هێندە ئاڵۆزە ناتوانرێت هۆشداریی پێشوەختە بدرێت، یاخود رەنگە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەکان هێندە کاتی نەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی خۆیان رزگار بکەن. 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023؛ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر و کاژێر 12:43 خولەکی هەمان رۆژ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، پارێزگاکانی مەرەش، ئامەد، رووها، دیلۆک، کیلیس، مەلەتێ، سەمسوور، عوسمانییە، هاتای و ئادانا-ی لە تورکیا و باکووری کوردستان گرتەوە و کاریگەری بەسەر خارپێتیش هەبوو. 
 بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 هەزار کەسیش برینداربوون و 6444 باڵەخانە بەتەواوەتی رووخاون.