ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق

(0) / / عراق / زایەڵە نەوت عێراق هەرێم


Mar 27, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان رێکاری نوێی هەناردەکردنی نەوتمان تاوتوێکرد.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "دوای بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی کرد لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا".

ئەوەشی خستۆتەڕو، "لە کۆبونەوەکەدا میکانزم و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، ئەمەش دوابەدوای بڕیارەکەی رۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو 23ی ئازاری 2023ی دەستەی دادوەرانی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە داوایەکی عێراق کە لە دژی تورکیا بەرزیکردبووە، بەهۆی سەرپێچیکردنی رێککەوتنی ساڵی 1973ی هێڵی بۆریی عێراق و تورکیا، کە لە دەقەکەیدا هاتووە (پێویستە حکومەتی تورکیا، گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی لایەنی عێراقی بێت لەبارەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق بۆ سەرجەم ناوەندەکانی کۆگاکردن و ڕۆیشتن و وێستگەی کۆتایی".

ئاماژەی بەەشکردووە، "لە کۆبونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردن و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوریی و یاسایی و بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی حکومی و ژمارەیەک بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندارەکان ئامادەبوون".

ڕۆژی 26ی ئەم مانگە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا دەرکرد، کە بە پێی ئەو بڕیارە تورکیا دەبێت هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە ڕابگرێت.