شاندێک لە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکەن

(0) / / کردستان / زایەڵە ئێران هەرێمی کوردستان هەولێر ئومێد خۆشناو


May 14, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شاندێک لە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆتایی ئەم مانگە، سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، کونسوڵی ئێرانیش لە هەولێر ئامانجی بانگهێشتنامەکە دەخاتەڕو.
 بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە شاندێکی کونسلگەری گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد، لە دیدارەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی بو، پارێزگاری هەولێر تەئکیدی  لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و کونسوڵگەری ئێران لە هەولێر و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابوری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین کردەوە.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی ڕێککەوتنامە (16) خاڵیەکەی نێوان پارێزگاری پارێزگای هەولێر و پارێزگاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران کرا، کە بە مەبەستی بە هێزکردنی جوڵە و ڕەوشی بازرگانی لە دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین لە نێوان هەردولادا واژوکرا، هەردولاش خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا کە دوای واژوکردنی ئەم ڕێککەوتنە جوڵەی بازرگانی لە هەردو دەروازەی سنوری بەرەوپێشچونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و زۆربەی خاڵەکانی ڕێککەوتنامەکەش جێبەجێکراوە.
شاندی میوان بە فەرمی بانگهێشتی پارێزگاری هەولێریان کرد کە لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، لەوبارەیەشەوە لەلایەن هەردولاوە بیروڕا لە سەر ئەجیندای سەردانەکە و ئالیەتی کارەکان و شێوازی بەرێوەچونی کۆبونەوەکان ئاڵوگۆڕ کرا.
رۆژی 22ی (شوبات/2)ی 2022، دوای دوەمین کۆبونەوەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بە ئامادەبونی شاندی باڵای هەردولا، وێڕای دوپاتکردنەوە لە سەر جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی پێشویی نێوانیان لە 26ی (کانونی یەکەم/12)ی 2021 و لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەرفراوانکردنی بەرژەوەندییە ئابورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنی جوڵە و ڕەوشی بازرگانی لە دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنامەیەکی 16 خاڵی لە نێوان هەردولادا واژۆکرا.