نووسراوێکی ڕێواز فایەق بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم؛ کار بەو نووسراوانەی پەرلەمان لە بارەی دانیشتنەکەی دوێنی نەکەن

(0) / / کردستان / زایەڵە پەرلەمان ڕێواز فایەق


May 23, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا داوای کردووە کار بەو نووسراوانەی پەرلەمان لە بارەی دانیشتنەکەی دوێنی پەرلەمان نەکەن، ئەگەر واژۆی ئەوی لەسەر نەبێت.

 لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-05-2023) گوتی "رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت کردووە؛ کار بە هیچ نووسراوێکی پەرلەمانی نەکەن، ئەگەر واژۆی خودی سەرۆکی پەرلەمانی لەسەر نەبێت".

 لوقمان وەردی گوتیشی "ئەمڕۆ ئێوارە لە دەباشان و لە ماڵی مام جەلال، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دەربڕین و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و سوپاس و دەستخۆشی بۆ فراکسیۆنی یەکێتی، پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی دەکات".

رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو، کە ماوەی یاسایی ئەندامیێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە.

 بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.

دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.