ئەنوەر عەلی محەمەد لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان کۆدەبێتەوە

(0) / / ورزش / زایەڵە وەرزش شاخەوانی ئەنوەر عەلی محەمەد


Jun 07, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ــ سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی هاوڕێی،  سەردانی بارەگای سەرەکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان دەکات و کۆمەڵێک پرس و بابەتی جێی گرنگی و بایەخی ھەردوولا لەگەڵ لایەنی ھیندوستان تاوتوێ دەکەن.

 

لە ڕێکەوتی٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، د.ئەنوەر عەلی محەمەد، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری، سەردانی بارەگای سەرەکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستانیان لە (نیودەلھی)پایتەختی ھیندوستان کرد.

 

لەو سەردانەدا، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر توندوتۆڵکردنی پەیوەندی ھەردوولا، ھاوکات لایەنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان ئامادەیی ھەموو چەشنە ھاوکارییەکی بۆ پێشخستنی بواری شاخەوانیی لەکوردستان پیشانداوە.

 

د.ئەنوەر عەلی محەمەد لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشاندا  کە لەکاتی سەردانی شاخەوانانی کوردستان بۆ شاخە بەرزەکانی ھیندوستان،  ھەموو جۆرە کارئاسانی و ھاوکارییەک پێشکەش بکەن.

 

ناوبراو گوتیشی"ھیندوستان کۆمەڵێک شاخی بەرز و سەختی ھەیە کە بوونەتە جێی سەرنجی شاخەوانانی جیھان، بۆیە لەداھاتوودا و لەکاتی گەشتی شاخەوانانی کوردستان بۆ وڵاتی ھیندوستان، پێویستیمان بە ھەماھەنگی و ھاوکاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان دەبێت".

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان گوتیشی" لایەنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ کردنەوەی خول و ڕاھێنانی ئەزموونی بواری شاخەوانیی پێشکەوتوو بۆ شاخەوانانی کوردستان و پێشکەشکردنی ھەموو چەشنە کارئاسانییەک لەوبارەوە".

 

ناوبراو ھەروەھا ئەوەشی گوت"ھیندوستان مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ بوارە جیاوازەکانی شاخ و شاخەوانییدا ھەیە، بۆیە دەتوانین سوود لە ئەزموونی کەڵەکەبووی ئەوان وەربگرین بۆ پێشخستنی ھەرچی زیاتری شاخەوانیی لە ھەرێمی کوردستاندا".

 

دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستان، گۆڤارێکی تایبەت بە شاخەوانییان پێشکەش بە سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان کرد کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ھیندوستانەوە دەردەچێت و بە تیراژێکی زۆر لەسەرتاسەری وڵاتی ھیندوستاندا بڵاو دەبێتەوە.

 

فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان

بەشی ڕاگەیاندن.

٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣