گروپی شاخەوانی ڕواندز تابلۆی زانیاری لەسەر چیای پێیۆ دانا

(0) / / ورزش / زایەڵە شاخەوانی چیا وەرزش


Jun 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـــ بە ئامادەبونی چەندین گروپی شاخەوانی کە  بە لیستێک ناویان تۆمارکراوە لە خوارە لۆگۆی زانیاریان لەسەر چیای پێیۆ دانا.

چیای پێبۆ یەکێکە لە چیایە جوانەکانی سنوری ڕواندز و بە دیاری کراوی دەکەوێتە نێوان هەر سێ گوندی گەرەوانی خوار و گەرەوانی سەرو و بنمێردە. ئەم چیایە یەکێکە لە چیایە نیمچە بەرزەکان و بەرزی دەگاتە ١٧٥٦م لە ئاستی ڕووی دەریا. هەر چەندە بەرزی کەمە بەڵام شاخێکی نیمچە سەختە و باشترین ڕێگا بۆ لوتکە بەرزەکەی لە گەرەوانی سەروو بۆ دەچێت.بە پێویستیان زانی تابلۆی زانیاری لەسەر ئەو شاخە دا بنێن و بە شاخەوانانی کوردستانی بناسێنن.  لێرەدا  بە پێویستی دەزانین سوپاسی گروپە شاخەوانیە هاوڕێکانمان بکەین کە ئەمڕۆ لەو چاڵاکیە بەشدار بوون لەگەڵ یەکتر و سوپاسێکی زۆر تایبەت بۆ ئەندامی فەخری گروپەکە کاک طیب معتصم ،هەمیشە بە دیزاین و کارە هونەریەکانی جوانیەکی تر دەبەخشێت بە چاڵاکیەکان. هەروەها سوپاسێکی تایبەت بۆ هاوڕێیانی گروپی شاخەوانی ئەڵفا کە پێشتر بۆ دیاریکردنی بەرزی و ڕێگا هاوکاری یەکتریان کردبوو و بە هۆی بەشداریان لە چاڵاکیەکی شاخەوانی لە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ نەیانتوانی بەشداربن. سوپاسێکی زۆر تایبەت بۆ مام ابراهیم عزیز، بەتەمەنترین ئەندامی گروپەکە کە  ئەمڕۆ تابلۆیەکەی لە خاڵی دەستپێک گەیاندە لوتکە ،لەش ساغ بێت. سوپاس بۆ سەلمان کوردی پێشکەشکاری بەرنامەی لوتکە لە کەناڵی وار تی ڤی بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تایبەت لەسەر ئەو چاڵاکیە.  هەروەها سوپاسێکی تایبەت بۆ بەڕێزان احمد قادر قایمقامی قەزای ڕواندز و چیایی محمد سەرۆکی شارەوانی ڕواندز بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی هەمیشەیی چاڵاکیەکان.

ئەم گەشتەی ئەمڕۆ بە پێشڕەوی ڕشید مامۆ ئەندامی گروپەکەمان و حاجی صباح لە گروپی سۆران و پاشڕەو م حیلمی لە گروپی ڕواندز و هەروەها بە سەرپەرشتی م ئاراسن عبدالسلام لە گروپی ڕواندز  ئەنجامدرا. سەرەتای گەشت لەلایەن زیرەک زرار لە ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆن چەند تەکنیکێکی ئامادەیی جەستەیی ئەنجامدرا پاشان بەرەو لوتکە بەڕێکەوتن. دوای گەیشتن دەستکرا بە چەسپاندنی تابلۆیەکە لەسەر لوتکە و لە مەڕاسیمێکی کورت ماوەدا وتەیەک لە لایەن سەرپەرشتیاری گەشت و ئەندامی گروپی شاخەوانی ڕواندز و هەروەها بێستون صالح نوێنەری فیدراسیۆن پێشکەشکرا.  دواتر لەلایەن گروپی ڕواندز  ڕێزلێنان بەخشرا بە گروپە بەشدرابووەکانی چاڵاکیەکە لە هەمبەر ئامەدەبوون و بەشداریان لە گەڵماندا. دواتر لەلایەن هەردوو گروپی شاخەوانی ڕاپەڕین لە سلێمانی و گروپی شاخەوانی پاشای گەورە لە ڕواندز ڕێزلێنان بەخشرا بە  گروپی شاخەوانی ڕواندز بەرامبەر بەم چاڵاکیە و دانانی تابلۆیە. دوای گرتنی وێنەی یادگاری گشتی و تایبەتی لەگەڵ تابلۆ نوێیەکە کە دەبێتە تابلۆی ژمارە ١١٣ لە ڕیزبەندی تابلۆکانی کوردستان ڕێوڕەسمەکە کۆتایی هات و بەرەو خاڵی دەستپێک گەڕاینەوە سوپاس بۆ یەزدان و هەموو بەشداربووان کە بە سەلامەتی گەیشتنەوە بە ناوچەکانیان. 

گروپە بەشداربووەکان

 

گروپی شاخەوانی سۆران

گروپی شاخەوانی پاشای گەورە

 گروپی شاخەوانی ڕاپەڕین

گروپی شاخەوانی ناوداران

گروپی شاخەوانی  کچانی بێلا

گروپی شاخەوانی دەنگ و ڕەنگ

گروپی شاخەوانی پیرمام.