كۆمسیۆنی عێراق: ناتوانین له‌ یه‌ك رۆژدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ین

(0) / / کردستان / زایەڵە کۆمسیۆن هەرێم


Jul 19, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق وەڵامی نوسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ناتوانن لە یەک رۆژدا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەببەن، بەڵام ئێستا گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ ئەوەی رۆژێک دیاری بکەین کە دەکرێت زۆر نزیک بێت. 

عیماد جەمیل، سەرۆکی‌ تیمی‌ رۆژنامەوانیی‌ کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق بە كه‌ناڵی رووداوی راگه‌یاندوه‌: وەڵامی نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە و ناتوانین لە یەک رۆژدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەین.

بڕیار دراوە کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەین. ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی رۆژێکین بۆ هەڵبژاردن کە رەنگە ئەوەندە نزیک بێت سوپررایز بێت. لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە لەسەر هێڵین و بەمزووانە کۆبوونەوەمان بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە دەبێت، چونکە ئێستا زیاتر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گرنگی بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەدەین." عیماد جەمیل وای وت.

 وتیشی: لە ئێستاوە کار بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەن و بنکەکان کراونەتەوە بۆ تۆمارکردنی داتای دەنگدەران و لە وەڵامی نوسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشدا داوای هەندێک شتی بنەڕەتییان کردووە کە بۆ هەڵبژاردن پێویستیانن، لەوانە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان كه‌ تائێستا بەدەستیان نەگەیشتووە و گرنگترین شتە بۆ هەڵبژاردن؛ هاوکات میکانیزمی هەڵبژاردنی فەرمانبەران؛ بودجەی پێویست و هەموو ئەوانەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە داوامان کردووە.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی 10ی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ی کاوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.

 

کامەران کەریم