تەلار لەتیف: پێویستە بە زووترین كات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە تەلار لەتیف پەرلەمان


Oct 28, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بەرپرسی ناوەندیی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستا هەرێمی كوردستان لە غیابی دەسەڵاتی یاساداناندایە ‌و پێویستە بە زووترین كات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
تەلار لەتیف، بەرپرسی ناوەندیی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەروتاری ژمارە حەوتی گۆڤاری ناوەندی یاساییدا ئاماژە بەوە دەكات، یەكێك لەپایە سەرەكییەكانی دیموكراسی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنیش بۆ ئەوەی كاریگەربێت پێویستی بە یاسای گونجاو و وشیاری هەیە، نابێت لایەنێك بودجەیەكی گەورە و زەبەلاح بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان تەرخانبكات بەتایبەتیش بودجەیەك كە سەرچاوەكەی دیار نەبێت یاخود پارەی نەوت و ماڵی گشتی بێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: دەبوو كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكردایە، وەك ئەوەی یەكێتی داوای دەكرد، بۆ ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دژیەك نەبێت و دەنگەكانی كوردیش پەرتەوازە و بەفیڕ‌ۆنەچێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بەرپرسی ناوەندیی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: بەهۆی تەواوبوونی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، ‌ئێستا هەرێمی كوردستان لە غیابی ئەو دامەزراوە گرنگەدایە و دەتوانین بە راشكاوی بڵێین هەرێم بێ دەسەڵاتی یاسادانانە، بۆیە پێویستدەكات بە زوویی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.
کامەران کەریم