بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

(0) / / کردستان / زایەڵە حکومەتی هەرێم کوردستان عێراق


Dec 31, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان  لە سنوری پیرمام .
 
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشکاوانە وتی: حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان،هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین.
 
لە بەیاننامەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە؛
شەوی ڕابردوو ٣٠/١٢/٢٠٢٣ کاتژمێر ١١:٤٥ بە ٢ درۆنی، بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر ،کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.  
ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
 
ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان. 
لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن. 
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانەو هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین.  
خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.
کامەران کەریم