موسەنا ئەمین: داهاتی ناوخۆ لای دوو حزبی دەسەڵاتە نەك حکومەت

(0) / / گفتگو / زایەڵە موسەنا ئەمین داهاتی ناوخۆ حکومەت


Jan 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران جەخت دەکاتەوە:  لەوەی ئەو پارەیەی کە عێراق دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەشی مووچە دەکات و دەشڵێت، لە جیهاندا حکومەتی هاوشێوەی حکومەتی هەرێم نییە کە هێندە بێ باك بێت کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕاگرتنی خوێندن نەکات.

د.موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بەزایەڵەی ڕاگەیاند چوار مانگە ئەو داهاتە خەرج نەکراوە کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کۆکراوەتەوە، بڕیارە لەم هەفتەیەشدا 618 ملیار دینار لە بەغداوە بێت و بەوە دەتوانرێت مووچە دابەش بکرێت.

موسەننا ئەو لێدوانەی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمیشی ڕەتکردەوە کە وتبووی "پارەکە بەشی مووچە ناکات" و ڕایگەیاند، کێشەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە داهاتی ناوخۆ لای دوو حزبی دەسەڵاتە نەك حکومەت، ئەو دوو حزبە لە لوتفی خۆیان بەشێکی دەدەن بە حکومەت.

ئەوەشی خستەڕوو :محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیازی کردووە، لە چوارچێوەی هەمواری یاسای بودجەدا، مووچەی هەموو عێراق بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە، بەوەش کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت.

موسەننا ئەمین ئەوەشی وت:  لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەو پێشنیازە سەربگرێت، ئەوا مووچەش هاوشێوەی بەشەخۆراکی مانگانە لە بەغداوە دێت و حکومەتی هەرێم تەنها دابەشی دەکات.

د.موسەننا ئەمین وتیشی:  ڕەخنەی تووندی لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم گرت بەوەی تا ئێستا هیج ڕێکارێکی راستەقینەی بۆچارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان نەگرتووەتەبەر و ڕایگەیاند، حکومەتی ئاوا بێ باک لە جیهاندا نییە کە بەشێکی وڵاتەکەی نیوەی ساڵێکی خوێندنی لەدەست چوو، بەڵام گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی لەگەڵ مامۆستایاندا نەکردووە.

کامەران کەریم