دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر چوار سکاڵاى تایبەت بە هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە

(0) / / عراق / زایەڵە دادگای فیدراڵی عێراق هەرێمی کوردستان


Feb 18, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر چوار سکاڵاى تایبەت بە هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە کە سیانیان تایبەتن بە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و مووچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان

بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار لە سکاڵایەکى زیاد جەبار و ئامانج نەجیب شەمعون  دەدرێت، کە لەسەر یاساى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان تۆماریانکردووە و داوایان لە دادگا کردووە بڕیار لە نادەستووریبوونى ماددەکانى ( 1، 9، 15، 22، 36)ى یاساى هەموارکراوى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ژمارە یەکى 1992 بدات.

هەروەها دادگا بڕیار لە سکاڵایەکى دیکە دەدات کە داوا کراوە بڕیارێکى لایەنداریى بدات بۆ خەرجکردن و ناردنى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ مانگەکانى ئاب و ئەیلوولى 2023، ئەو پرسە یەکلابکاتەوە کە لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد دروستبووە و بووەتە مایەى جێبەجێنەکردنى یاساى بودجە.

لە سکاڵایەکى دیکەشدا، داوا لە دادگا کراوە بڕیار لە نادروستیى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بدات بۆ ناردنى دوو ترلیۆن و 100 ملیۆن دینار بەشێوەى قەرز بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

زیاد جەبار، سەرۆکى خولى پێنجەمى فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دادگاى باڵاى فیدراڵى سکاڵایان لەسەر ماددەکانی 1 و 9 و 15 و 22 و 36 لەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە کورسىی پێکھاتەکان و دیاریکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن تۆمارکردووە.

کامەران کەریم