لە ڕووی كەشناسیەوە وەرزی زستان كۆتاییهات و ئەمڕۆ یەكەم رۆژی بەهارە

(0) / / کردستان / زایەڵە زستان بەهار


Mar 01, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەرایتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی ڕایگەیاند؛ لە ڕووی كەشناسیەوە وەرزی زستان كۆتاییهات و ئەمڕۆ یەكەم رۆژی بەهارە.

جەوهەر حەمەلاو، لێپرسراوی كەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێسگەی كەشناسیی سلێمانی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بەرزترین پلەی گەرمی 20 پلە و نزمترین پلەش 0.2- پلەی سیلیزی بووە، هاوکات تێكڕای پلەی گەرمی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 8.3 پلە بووە كە هاوتایە بە ئاستی تێكڕایی پلەی گەرمیی مانگی شوباتی سی ساڵی رابردوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕی بارانبارینیش لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 196.5 ملیمەتر بووە کە بەراورد بە تێكڕای بارانبارینی مانگی شوباتی سی ساڵی رابردوو زیادیکردووە كە 111 ملیمەترە، هەروەها لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 1.8 ئەوەندەی تێكڕاییەكە باریوە.

دەشڵێت، لەڕووی كەشناسیەوە وەرزی زستان كۆتاییهات و ئەمڕۆ یەكەم رۆژی بەهارە و بەپێی داتا تۆماركراوەكان لە 65٪ی بارانبارینەكان ئەكەوێتە وەرزی پایز و زستانەوە و بەو پێیەی كە كۆی گشتیی بارانبارین تاوەكو ئەمڕۆ 441.5 ملیمەترە و تێكڕای بارانی ساڵانەش لە سلێمانی 675 ملیمەترە، كەواتە بارانبارینی ئەمساڵ تاوەكو ئەمڕۆ لە ئاستی تێكڕای ساڵانەدایە.

کامەران کەریم