داود حەسەن پور:  ئێران و هەڵەبجەی ئازیز هەر دوو قوربانی تیرۆریزم و تاوانی کیمیابارانن

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەڵەبجە کوردستان


Mar 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی سەدامەوە کە ئەو کات لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەکرا، تیمێکی پزیشکیی ئێران کە لە چەند پزیشکێکی پسپۆڕ و بەناوبانگ پێکهاتووە، بە هاوکاری کۆنسووڵخانەی ئەم وڵاتە لە سلێمانی سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردووە و لە نزیکەوە بەرکەوتووانی کیمیایی شارەکەیان بینیوە.

 بەرپرسی کاروباری ڕۆشنبیری لە کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە، سەبارەت بە هاتنی ئەم تیمە پزیشکییە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵەبجەی ئازیز هەر دوو قوربانی تیرۆریزمن، هەر دوو قوربانی تاوانی کیمیابارانن، ئێمە ئەم بەرنامە ڕۆشنبیرییە وەک هێمایەک بۆ پێکەوەبوون و یەکگرتوویی ئەم دوو گەلە جێبەجێ دەکەین.

” داود حەسەن پور “ وتی: خەڵکی ئەم ناوچەیە بە درێژایی مێژوو لە هەلومەرجە دژوارەکان و لەو ڕووداوانەی کە خەڵک زیانی پێگەیشتووە، هیچ کات وازیان لە پشتیوانیکردنی یەکتر نەهێناوە.

ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پشتیوانی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە و خەڵکی ئەم ناوچەیەی وەک گەلی خۆی داناوە.

حەسەن پور وتی: ئەم تیمە پزشکییە پسپۆڕە کە پزیشکەکانی لە بوارەکانی خۆیاندا نەک لە ئێران بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا ناوبانگیان هەیە، هاتوونەتە هەڵەبجە تا ئەوە بسەلمێنین کە ئێران هیچ کات خەڵکی هەڵەبجەی ئازیزی لەبیر نەکردووە.