بەرپرسی تیمی پزیشکیی ئێران لە هەڵەبجە: پزیشکانمان پلە یەکی ئێرانن

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەڵەبجە تیمی پزیشکی


Mar 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەرپرسی تیمی پزیشکیی ئێران لە هەڵەبجە ڕایگەیاند کە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەم شارە لە کاتی کیمیابارانەکەی سەدامەوە تا ئێستا بەردەوامە.
دکتۆر مەروی لە چاوپێکەوتنی پەیامنێری زایەڵە سەبارەت بە هاتنی تیمە پزیشکییە ئێرانییەکە بۆ شاری هەڵەبجە، وتی: 36 ساڵ بەر لە ئێستا خەڵکی زوڵملێکراوی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو کاتەوە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران و هەر لەو کاتەدا ئێرانییەکان هاوکارییەکانیان بۆ ئەم خەڵک دەستپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

ناوبراو وتی: تیمێکی پزیشکی کە لە بەناوبانگترین پزیشکانی ئێرانی پێکهاتوون، لە بواری چاو و سییەکان لە ڕیزی یەکەمین پزیشکانی لێهاتوو و پسپۆڕی ئێراندان، بە واتایەکی دیکە پزیشکانی ژمارە یەکی ئێرانن، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەم پزیشکانە هاتوونەتە هەڵەبجە و تەنانەت کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی تایبەتیان لە گەڵ خۆیان هێناوە.

دکتۆر مەروی وتی: بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە بەرپرسانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بەرپرسانی کەرتی تەندرووستی و هاوکارەکانی خۆمان لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە بکەم، هەروەها دەستخۆشی لە خەڵکی ئازیز و میواندۆستی هەڵەبجە دەکەم، ئێمە خەڵکی هەڵەبجە بە باوک و دایک و برا و خوشکی خۆمان دەزانین، مایەی شانازییە بۆ ئێمە کە خزمەت بەم خەڵکە ئازیزە دەکەین.

ئەو پزیشکە ئێرانییە لە درێژەدا وتی: لە کاتی کیمیابارانەکەی سەردەشتەوە تا ئێستا پزیشکانی ئێرانی لە سەر ئەم بابەتە ئیشیان کردووە و لە ئاستی جیهانیدا خاوەن پێگەن، هەندێک لە نەخۆشەکانی هەڵەبجە پێویستیان بە نەشتەرگەری لە دەرەوەی هەرێمدا هەیە، ئەڵبەت هەندێک لە دەرمانەکانی ئەوان چ لە عێراق و چ لە ئێرانیش دەگمەنن و بە سەختی دابین دەکرێن، هەرچەندە کۆمپانیا زانست بنەماکان هەوڵ دەدەن بە کەرەستەی پێویست بگەن کە لە داهاتوودا کەمتر نەخۆش و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێویستیان بە دەرمانەکان بێت.

دکتۆر مەروی وتی: نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیایی هەڵەبجە دۆخی باشتر بووە و پێویستی بە نوێکردنەوەی کەرەستە پزیشکییەکان هەیە، هەروەها تیمێکی پزیشکیی لێهاتوو لێرە هەیە بەڵام لە هەر شوێنێک پێویست بە فێرکاری و ڕاهێنانی نوێ هەیە، لە ئێران لە سەرجەم نەخۆشخانەکاندا خولی فێرکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دەکرێتەوە و ئەمەش بۆ هەموو پزیشکێکە کە دەبێت ئاستی زانست و توانای خۆی بەرز بکاتەوە.

وتیشی کە کاروباری پزیشکی لە ڕووی مرۆییەوە زۆر گرنگە و هیچ کات ئێمەی ئێرانی ئەمەمان تێکەڵ بە بابەتە سیاسییەکان نەکردووە.