سەرۆك کۆمار بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان پێشوازی لە ژمارەیەك ژن دەکات

(0) / / زنان / زایەڵە لەتیف ڕەشید ژنان ٨ی مارس ڕۆژی ژن


Mar 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە ژمارەیەك ژنە چالاکوان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کە لە پەراوێزی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە سەردانیان کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-3-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە پیرۆزبایی لە ژنانی عێراق کرد، هیوای پێشکەوتنی بەردەوام و سەرکەوتنی بۆ خواستن لە راپەڕاندنی کارەکانیان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی خێزانەکانیان.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پشتیوانیکردن لە تواناکانی ژنان و بەشداریکردنیان لە سەرجەم ئاستەکان و پۆستەکانی بڕیاردان و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆیان لە رەخساندنی دەرفەتە یەکسانەکاندا. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکایەتی کۆمار چەندین پرۆژەیاسای رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کردوە بۆ پەسندکردنیان، کە پەیوەستن بە بەهێزکردنی توانای ژنان و  رۆڵیان لە بنیاتنانەوە و پێشکەوتنی عێراقدا. سەرەڕای پێشکەشکردنی پاڵپشتی و پشتیوانی بۆیان لە سەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە ئامانجی بەدەستهێنانی گشت مافەکانیان.
هەروەها سەرۆك کۆمار ستایشی قوربانیدانی ژنانی عێراقی کرد لە بەرەنگاربونەوەی رژێمە دیکتاتۆرییەکان و بەرپەرچدانەوەی باندە تیرۆریستییەکان، کە نایابترین داستانەکانی خۆڕاگری و بەرهەڵستی و قوربانیدانیان لەم چوارچێوەیەدا بەرجەستە کردوە.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە ویستی خۆیان بۆ بەشداریکردنی راستەقینە و کاریگەر لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و رۆشنبیری و ئابوری و هاوبەشیکردن لە بەدیهێنانی گەشەسەندنی هەمەلایەنە نیشاندا، هەروەها پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێز سەرۆك کۆمار دەربڕی، کە بەردەوام پاڵپشتی لە ژنانی عێراق دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان.