چاودێرێکی سیاسی بۆ زایەڵە: لای بەرپرسان کەرکوک نەوتەکەی گرنگە تا خەڵکەکەی وخاکەکەی

(0) / / گفتگو / زایەڵە کەرکوک عوسمان گوڵپی


Mar 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـ چاودێرێکی سیاسی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: لای بەرپرسان کەرکوک نەوتەکەی گرنگە تا خەڵکەکەی وخاکەکەی.

عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی بەزایەڵەی ڕاگەیاند، کۆمپانیا و زەوی و ڤێلا و شوقە و خانوو، نەك یەك و دوان بەڵکوو دەیان، ملیاران دۆلاری خەوتوو و سەدان ملیۆن دۆلاری لەکاردا بوو، سەرگرد و ناو سیتیەکان، مەغزەن و ئۆفیسی گەورە، گەڕان و شەوانی سور و قومار، پاسەوان و زۆر شتیتر، ئەمانە پێکەوە لە خزمەت ژمارەیەك کەسی دەستڕۆیشتووی ئەم وڵاتەن، کە هیچیان دڵۆپێك عارەقیان بۆ دەستخستنی نەڕشتوە، پەنجەیەکیان ئازارێکی نەجەشتوە، شەوێك لە سەنگەردا ڕۆژیان نەکردۆتەوە، نەك بریندار نەبوون بەڵکو فیشەکێك بەلایانا تێپەڕی نەکردوە، کەسێکی نزیکیان شەهید نەبووە، ڕۆژێك زیندانی بەعسیان نەدیوە، نە فرمێسکێکیان  ڕشتوە و نە فرمێسکێکیان بۆ ڕژاوە، کەچی بوونەتە خاوەنی  هەموو فرمێسكەكان، بوونەتە خاوەنی فرمێسکی ئەو دایکانەی کە بۆ ڕۆڵە شەهیدە گۆڕ بزرەکەی دەیان ڕژێ، ئەوانە لە بری ئەوانە دەخۆن و دەخەون کە لە زینداندا نینۆکیان دەرهێنراوە و پشتیان ئوتوو کراوە، بە بزنس کڵاس لە بری ئەو گەنجانە سەفەر دەکەن کەلەدەریایی ئیجەدا خنکان، ئەمانە هیچ شتێکیان بۆ خەڵك نیە، پێیان وایە وڵات تاپۆی ڕەشی باوکیانە، پێیان وایە گەنجەکانی ئەم وڵاتە بۆ پاسەوانی ئەوان وموڵکەکانیان خودا دروستی کردوون، ئەوان باکیان بە هیچ شتێك نیە، نە ڕێزی ئێستای کەس دەگرن و نە ڕابردووی، لای ئەوان مرۆڤەکان وەك یەکن و یەك پلەیان هەیە ئەویش خزمەتکاریە، ئەوان ئامادەن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان نرخی سەد دەفتەر دۆلاربێت، بەڵام دایکە شەهیدێك کرێچی، دەرگاوانەکانیان سێ هێندەی وارسی شەهیدێک وەردەگرن.
ناوبراو وتیشی، ئەمانە نەك خۆیان بەڵکو بەرپرسی پاسەوانەکانیان و سکرتێرەکانیان خاوەنی ملیۆن دۆلارن، بڕۆن سەیری باخ و ڤێللاکانیان بکەن، باکیان بەهیچ شتێك نیە، خەڵك چی دەڵێن و چی دەکەن و چۆن دەکەن، هیچ کێشەی ئەوان نیە، ئەوەی کێشەی ئەوانە مەرزەکانە، قاڵبە ئاڵتون و بازرگانی جگەرە و دەرمان و مەشروب و نەوت وگاز، ئەوەی کێشەی ئەوانە قاچاخچێتی چەك و دوگی حەیوان و هێلکەیە، ئەوان بە ڕۆژ حساباتی قاچاخچێتیەکانیان دەکەن، چونکە بەشەودامەستن مەست زەویەكانی پارچە پارچە دەكەن و لە ڕێگەی كۆمپانیاكانیانەوە دەیانفرۆشن، كەچی مۆزەفێك خەریكە خانەنشین دەبێت و پارچەیەك زەوی وەرنەگرتوە.
ڕونیشیکردەوە، لای ئەوان کەرکوك نەوتەکەی گرنگە تا خەڵکەکەی و خاکەکەی، ئەوان تا ئەوکاتە کوردن کە کوردبوونەکە بکرێتە دەفتەرە دۆلار و بچێتە سەر بانقەکانیان، لەوە دەرچی نە خاك و نەوڵات و نە ئاڵاو نە زمان پولێکی قەڵب ناهێنێ.
کامەران کەریم