دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراكی مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌ستپێده‌كات

(0) / / اقتصادی / زایەڵە مووچه ڕەمەزان بەشەخۆراک


Mar 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزداین، بەڵام تا ئێستا بەشەخۆراکی مانگانە دابەشنەکراوە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانیش ڕایگەیاند، “بەھۆی پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنەوە دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دواکەوتووە.
لە سەرەتای دەستپێکی مانگی ڕەمەزان وا بڕیاربوو بەشەخۆراکی مانگانە کە ١٠ ماددەی خۆراکی لەخۆدەگرێت بەسەر هاووڵاتییان دابەشبکرێت، لەگەڵ چوار ماددەی خۆراکی زیادە بۆ مانگی ڕەمەزان، بەڵام تا ئێستا لە ناو سەنتەری شارەکان بەشەخۆراک دابەشنەکراوە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ڕایگەیاند، بەھۆی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری بریكارەكانی خۆراك دابەشکردنی بەشەخۆراک دواکەوتووە، چونکە جاران بریکارەکانی خۆراک پارەکانیان بە کاش ڕادەست دەکردین، بەڵام ئێستا بووە بە ئەلیکترۆنی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشتر بریکارەکانی خۆراک پارەکانیان بە کاش ڕادەست دەکردین، ئێمەش دەمان نارد بۆ بەغدا، بەڵام ئێستا دەبێت هەژماری بانکیان هەبێت، سەردانی ئێمە بکەن لە ڕێگەی کارتەوە پارە لە هەژمارەکانیان ڕابکێشین و بینێرین بۆ بەغدا، دواتر ئێمەش ماددەی خۆراکیان پێدەدەین.
وتیشی، تا ئێستا تەنها ماددە زیادکراوەکانی مانگی ڕەمەزان (شەعرییە، مەعکەرۆنى و نیشاستە) ڕۆشتووە بۆ مەڵبەندەکان، بەڵام تا ئێستا ئاردى سفرمان بۆ نەهاتووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە بەیانییەوە دەستدەکەین بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە، تا ئێستا دوو بنکە پارەی داوە و ئەوانیش ماددە خۆراکییەکانیان بۆ ڕۆشتووە، دەبێت مەڵبەندەکانی دیکەش هەمان ڕێکار بگرنەبەر.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەم مانگە بەھۆی پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنەوە کاروبارەکان دواکەوتووە، بەڵام مانگی ئایندە پڕۆسەکە ئاسان دەبێت.
کامەران کەریم