ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ زایەڵە لێکی دایەوە: ڕاستی و دروستی٤٠٠ خزمەتەکەى حکومەتی هەرێم
/
گفتگو
/
زایەڵە
پەرلەمانی کوردستان
عومەر گوڵپی
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، چەند جارێک، گوێم لە گەورە بەرپرسانی حکومەت بووە کە لە ڕێگەی لێشاوە میدیاکانیانەوە، باسی ٤٠٠خزمەتی خۆیان دەکەن بۆ هاووڵاتیان، بە خێرایی چاوێکم بەو خزمەتانەدا خشاند، چەندین زانیاریی ناڕاست و کۆن و سەیرم بینی، بەکورتی ئاماژە بە هێندێکیان دەدەم.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، یەکەم زانیاریی ناڕاست گەنجان ڕووبەڕووی بێکارییەکی گەورە بوونەتەوە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە ناڕەوا و نهێنی نەبێت، بێجگە لە ژمارەیەکی کەم پزیشک، دامەزراندن و هەلی کار ڕاگیراوە، بە خەمڵاندنی من ژمارەی ئەو گەنجانەی بێکارن نزیکە لە ٥٠٠ هەزار گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵی کە زۆرینەیان دەرچووی زانکۆن، تەنانەت بە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆشەوە لە دۆخێکی سەختدان، بەڵام حکومەت بە زنجیرەی(MLSA18) ، لە پۆرتاڵی خزمەتەکەی نووسیویەتی: "قەرزی بچووک بە بڕێک پارە دەدرێتە ئەو گەنجانەی کە توانای کاریان هەیە و دەتوانن پڕۆژەیەک بەڕێوە ببەن ئەمەش بە یەکێک لە ٤٠٠ خزمەتەکەی ئەژمار کردووە!، هەروەها بە زنجیرەی (MLSA20)، نووسیویەتی:" پێدانی بیمەی بێکاری، کە هاوکارییەکی کاتیە دەبڕێتەوە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان تەنها بۆ ماوەی ٦ مانگ کە بڕەکەی (١٥٠٠٠٠) سەد و پەنجا هەزار دینارە " ئەمەش تەنها بۆ ماوەی دوو ساڵ و ئەو کاتانە دەدرا کە لە بەغداوە بە گونیە پارە دەهاتە کوردستان، واتە نە لە کابینەی پێشوو نە لەم کابینەیە ئەم بیمەیە نەدراوە، کەچی یەکێکە لە خزمەتەکان .
وتیشی، لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٥ەوە مووچەی سەد هەزار خێزان و هاووڵاتی هەژار بەشێوەی کاتیو بە ناڕەوا ڕاگیرا بەناوی چاکسازییەوە، بەڵام بە زنجیرەی(MLSA19) ، حکومەت نووسیویەتی پێدانی بڕی (١٥٠٠٠٠) دینار بە (تەلاقدراو، بێوەژن، بەساڵاچوو، گەورە کچ، مناڵی بێ دایک و باوک، قوتابی خێزاندار، نەخۆشی درێژخایەن کە ٧٥% بەسەرەوە بێت و توانای کاری نەبێت) . زیاتر لە دە ساڵە یاسای ژمارە (٢٢)ی مافو ئیمیتیازی کەمئەندامان دەرچووە و لەم ڕۆژانە هەمواریش کرایەوە، بەپێی ئەو یاسایە دەبوو حکومەت بڕێک پارە بدات بەو دایک یان باوکانەی کە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت چاودێری دەکەنو خۆیان تەرخان کردووە بۆی و مووچەخۆری حکومەت نین، کەچی ئەو مافەیان پێ ڕەوا نەبینراوە، بەڵام بە زنجیرەی (MLSA16) ئەم هاوکارییە یەکێک لە خزمەتەکانی حکومەتو نوسراوە: "پێدانی بڕێک پارەی مانگانە بەو کەسانەی کە فەرمانبەر نین و سەرپەرشتی کەسێکی کەمئەندام دەکەن، ئەوەی یەک کەمئەندام بەخێو دەکات ١٤٠هەزاری پێدەدرێت ئەوەی دوو کەم ئەندام بەخێودەکات ٢١٠ هەزاری پێدەدرێت .
ڕونیشیکردەوە، ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە بەرز بووەتەوە، هەژاری و نەبوونی لە بەردەم هەزاران گەنجدا ڕێگرە بۆ ژیانی هاوسەرگیری، یان ئەو گەنجانەی لە خێزانێکی هەژارن و هاوسەرگیری دەکەن ڕووبەڕووی گرفتی زۆری دارایی دەبنەوە و حکومەتیش تەنها تەماشاکارە، کەچی بە زنجیرە(MOF23)، لای پۆرتاڵەکەی حکومەت پیشینەی هاوسەرگیریی بۆ گشت هاوڵاتیان، کە دامهزراوبن یان دانەمەزراو لەدامودەزگاکانی حکومەت خەرج دەکرێت نەوەک هاووڵاتی ئاسایی، تەنانەت کەس و کاری شەهیدانیش هاوکاری ناکرێن لەکردنەوەی خانوو، بەشێک لە خیرخوازان ئەم کارەیان کرد، کەچی لە زنجیرەی (MOF10)، ئەم خزمەتە هەیە پێدانی پێشینەی دروستکردنی خانوو بۆ هاوڵاتیان لە شار و گوندەکان ئەوە بێجگە لەوەی بە زنجیرەی (MOF13)، پێدانی پیشینەی گەشتوگوزار بۆ پرۆژەکانی گەشتوگوزار، بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە بیانەوێ لە کەرتی گەشت و گوزار کار بکەن یەکێکە لە خزمەتەکان .
هێمای بەوەشکرد، ئەو بەرهەمانەی کە بە ڕەنجو شانی خۆیان بەرهەمی دەهێنن، وەک پێویست ساغ نابێتەوە، کەچی بە زنجیرەی (MOF12) هێشتا حکومەت پێشینە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی جوتیاران، بۆ جۆتیاران و گروپە کشتوکاڵیەکان خەرج دەکات حکومەت نەوەک نەوتی سپی بە ماڵان نادات، تەنانەن ئەو نەوتەشی دەیفرۆشێت لە دۆخێکی ناشەفافو نادیاردا، بەشێکی زۆری داهاتەکەی دیار نامێنێت، کەچی بەزنجیرەی(MNR14)، دابەشکردنی بڕی (٢١٦) لیتر نەوتی سپی بۆ هەر ماڵێک یەکێکە لە خزمەتەکان.دووەم هێندێک زانیاریی ڕاست و دروست، بەڵام بە زنجیرەکانی (MED04)، (MED02)، (ED02)، (MED01)، ئەم خزمەتانە هەن وەرگرتنی مۆڵەتی كردنەوەی پەیمانگای ناحكومی، وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی قوتابخانەی بنەڕەتی ناحکومی (ئەهلی)، وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی قوتابخانەی ئامادەیی ناحکومی (ئەهلی)، وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی باخچەی منداڵانی ناحکومی (ئەهلی)، لەم خزمەتانەدا هیچ کەس ناتوانێت ڕەخنە لە حکومەت بگرێت، خوا هەڵناگرێت درێغیان نەکردووە لە کردنەوەی قوتابخانەو خوێندنگەی ئەهلی، تەنانەت تەنگیان بە قوتابخانە حکومییەکانیش هەڵچنیوە .
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو؛ بە زنجیرەی (MHESR08) ئەم خزمەتە هەیە کردنەوەی زانکۆ یان پەیمانگای تایبەت (یاخود کردنەوەی بەشێکی نوێ) لە هەرێمی کوردستان، لەمەشدا حکومەت هیچ درێغی نەکردووە، و ماوەیەکی تر هەر ئەندامێکی مەکتەب سیاسی دەسەڵات، ئەبێتە خاوەنی زانکۆی تایبەت بەخۆی، نەک هەر ئەوەندە، بە زنجیرەی (MOH25) پێدانی مۆڵهتی کارکردن به نهخۆشخانهو سهنتهری تایبهتەکان له رێگای کهرتی تایبهت هەیە، خوا هەڵناگرێت کوردستانو شارەکانیان پڕ کردووە لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە زۆرینەیان بە دەستی دوو هی بەرپرسانی حزبەکانیانن کۆمپانیاو زنجیرە کۆمپانیاکانیانن و نەخۆشی هەژار مەگەر هەر لە دوورەوە سەیریان بکات سێیەم شتی سەیرو سەمەرە هەیە لە نێو خزمەتەکاندا، بۆ نمونە بە زنجیرەی (MLSA03)، ئەم خزمەتە هەیە: پێدان و تازەکردنەوەی مۆڵەتی پیشەوەران، واتە ئەو هاووڵاتیانەی بە ئارەقی ناوچاوی خۆیان خەریکی فیتەری و کارێکی پیشەیین، حکومەت کارەکەیانی بە یەکێک لە (خزمەت)ەکانی خۆی ئەژمار کردووە بۆ هاووڵاتیان تەنانەت کاری خێرخوازانو چاکەکاران بە یەکێک لە خزمەتەکان ئەژمار کراوە، بە زنجیرەی (MERA01)، حکومەت ئەم خزمەتەی هەیەخەڵکانی خێرخواز هەڵدەستن بە دروستکردنی مزگەوت لەسەر ئەستۆی خۆیان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف،ئەگەر بە پێی خزمەتەکانی ئەم پۆرتاڵەی حکومەت بێت، وڵات ئارامەو حکومەتێکی خزمەتگوزار هاوشێوەی حکومەتی وڵاتانی خوا پێداومان هەیە، لە ڕاستیشدا حکومەتی باشو خزمەتگوزار، ئەتوانێت لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا، بەتایبەت کە ئەوترێت تەکنەلۆجیای زیرەک، زانیاریی بە شێوەی خێراو نوێو ئاسان، بدات بە هاووڵاتیان وەک بەشێک لە بەڕێوەبردنی باشو ئاسانکاریی بۆ کاری ڕۆژانەی هاووڵاتیان، کەچی لەڕێگەی تەکنەلۆجیاشەوە حکومەتی دوو حزبی دەسەڵات بە ئاشکرا زانیاریی ناڕاستو کۆنو سەیر بۆ هاووڵاتیان ئەخاتەڕوو و بە خزمەتیشی ئەژمار دەکات.
سازدانی - کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: